کازمی بۆ پەرلەمانتارە تازەكان: پێویستە بەها ئاینییە بەرزەکان هەڵبگرن بۆ گرنگیدان بە خەڵک و دادپەروەری و ڕاستگۆیی
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی ئاراستەی ئەندامانی نوێی پەرلەمان کرد و داوای لێکردن متمانەی گشتی بەکردەوەی سیاسی بگەڕێننەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 202، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی مستەفا کازمی، لە مەراسیمێکدا کە بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامەوە بەڕێوەچوو، وتی: سیاسەت بۆ هەندێک بە چەمکی درۆ و ساختەکاری و ململانێ و فریودانی خەڵک گەیشتووە.
وتیشی “ئەمڕۆ ئێمە بەڵێنمان جێبەجێ کرد لە بەردەم گەلەکەمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و پێشوەختە و خەڵک کێیان هەڵبژاردووە کە نوێنەرایەتی بکەن و ئەو نوێنەرانەش پێویستە ڕۆڵی خۆیان لە پەرلەمانی نوێدا ببینن”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند: پێویستە نوێنەرە تازەکان بەها ئاینییە بەرزەکان هەڵبگرن بۆ گرنگیدان بە خەڵک و دادپەروەری و ڕاستگۆیی.
ئاماژەی بەوەکرد لە ماوەی ڕابردوودا وڵات بە دۆخێکی سەختی دارایدا تێپەڕی کردووە کە بە هۆی کۆرۆنا و دۆخی وڵاتەوە تێی کەوتووە هیوای خواست بۆ داهاتوو ئەو دۆخە کۆتایی پێبێت.
