کەجەکە داوای پشگیری لە كوردانی ئەوروپا دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مستەفا قەرەسوو، داوا دەکات گەلی کورد لە ئەوروپا دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە بەرامبەر گەریلا قیامەت دروست بکەن و دەڵێت لەم کاتەدا پشتیوانی لە گەریلا نەکەن کەی دەیکەن؟.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە دیمانەیەکیدا کە کەناڵی مەدیا خەبەر، لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان کە دەوڵەتی تورک لە وەرخەل بەکاری دەهێنێت، وتی “ئەمە تاوانێکی جەنگییە. ئایا ئەو چەکانە ئازادن کە بەرامبەر پەکەکە و کورد بەکاردەهێنرێن؟ پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەو دەوڵەتانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان قەدەغەکردووە، قسە بکەن”.
ئەو وتیشی: ئەمە نائەخلاقیە دەوڵەتی تورک ئەمە نەک تەنیا لە دژی کورد بەکاردێنێت، بەڵکو لە داهاتوودا لەدژی هەندێک لایەنی دیکەش بەکاریدەهێنێت.
ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە وتیشی “پێویستە جەماوەری کورد هەستێتە سەرپێ. بەڵام گەریلاکان شەڕ دەکەن، چۆن لە دژی ژەهر و چەکی کیمیایی شەڕ دەکەن؟ بۆمبی ئەتۆمیان لەدژی ژاپۆن بەکارهێنا، چی ڕوویدا؟ ژاپۆنیەکان ناچار بوون خۆیان ڕادەست بکەن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت هاوشێوەی ئەوە لە دژی گەریلا بکات، بە چەکی کیمیایی دەیەوێت گەریلاکان لەناوببات”.
ئاماژەی بەوەشکرد: سوپای تورک ئیرادەی نییە لە دژی گەریلا شەڕ بکات، لە لایەکەوە لە دوورەوە بە فڕۆکە بۆمباران دەکەن. لەلایەکی دیکە چەکی کیمیایی بەکاردێنن، ئەوان ناتوانن لە دژی قارەمانانی کورد شەڕ بکەن، بە هەمان چەک سەربازانی تورکیا ناتوانن ڕۆژێک بوەستن، هەڵدێن. چونکە گەریلاکانمان بە فیداکاری شەڕ دەکەن.
باسی لەوەشکرد سوپای تورک ناتوانێت بە چەکی کیمیایی ئەنجام بەدەست بهێنێت هەر بۆیە داوای لە گەلی کورد لە ئەوروپا کرد “قیامەت دروست بکەن پێویستە گەنجان قیامەت دروست بکەن. ئەگەر لەم کاتەدا پشتیوانی لە گەریلا نەکەن کەی دەیکەن؟ پێویستە هەموو گەلی کورد دژی ئەم تاوانە هەڵوێست وەربگرن، وەک چۆن هەڵوێست لە هەڵەبجە وەرگیرا، پێویستە ئێستا هەڵوێست لە دژی ئەو چەکە کیمیایانەی کە لەدی گەریلا بەکارهێنراون وەربگیرێت”.
