ئیبراهیم رەئیسی کوردێکی سوننە دەكاتە ڕاوێژكاری خۆی

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆک کۆماری ئێران عەبدولسەلام کەریمی وەک راوێژکاری خۆی دیاریکرد؛ عەبدولسەلام کەریمی خەڵکی سەقزە و سەر بە لایەنی نەریتخوازە

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران عەبدولسەلام کەریمی وەک راوێژکاری خۆی دیاریکرد؛ عەبدولسەلام کەریمی خەڵکی سەقزە و سەر بە لایەنی نەریتخوازە. 

ئیبراهیم رەئیسی داوای لە عەبدولسەلام کەریمی کردووە کە بەدواداچوون بۆ "کاروباری گەلان و کەمینەکان" بکات و بۆ"یەکیەتی" و "یەکگرتوویی نێوان گەل و ئایینە جیاوازەکان" تێبکۆشێت.

عەبدولسەلام کەریمی بە ئاژانسی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسدارانی وتووە، سەرۆک کۆماری ئێران پێی وتووە کە جیاوازی لە نێوان ناوچە، پەیڕەوانی ئایین و بەکارهێنەرانی زمانەکاندا نەکات و جیاکاریش لە دابەشکردنی توانا و دەرفەتەکان قبووڵ ناکات.

کەریمی دەڵێ، سەرۆک کۆمار بوونی گەلان وەک هۆکاری بەهێزبوونی وڵات دەزانێت و پێیوایە جیاوازی لەنێوان شیعە و سوننە و کورد و تورک و فارسدا نییە.

عەبدولسەلام کەریمی ساڵی 1967 لە دایکبووە و دکتۆرای لە زمان و ئەدەبی عەرەبییدا هەیە. ئەو پێشتر 5 ساڵ قایمقامی شاری دیواندەرە، 5 ساڵ بەرپرسی زانکۆکانی پەیام نوور لە مەریوان و سنە، 5 ساڵ جێگری سەرۆکی پلاندانانی رێکخراوی پەروەردەی پارێزگای سنە و بەڕێوەبەری  ناوەندی زانستی ئیسلامی ئیمام شافعی سنە بووە.

پێشتر ئیبراهیم رەئیسی وتبووی، بێ جیاوازی سوود لە توانایی و بژاردەکان وەردەگرێت. کەسایەتییە ناودارە ئایینییە سوننەکانی وەک مەولەوی عەبدولحەمید، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی رابردوو، ئەمجارە پشتیوانیان لە ئیبراهیم رەئیسی کرد کە کەسایەتییەکی نەریتخوازە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار