کۆمسیۆن دوا مۆڵەت بۆ سكاڵای لایەنەكان دیاریدەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند:"  تا سبەینێ سێشەممە، لایەنەکان دەتوانن تانە لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش بکەن".

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021،  عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند  سبەینێ سێشەممە دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەی لایەنەکان تانەکانیان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش بە کۆمیسیۆن بکەن.

وتیشی: لە ماوەی یەک ھەفتەدا، ئەنجوومەنی کۆمسیاران وردبینی و پێداچوونەوە بۆ تانەکان دەکات و پاشان لە ماوەی ١٠ رۆژدا، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان بە تانەکاندا دەچێتەوە و دواتریش ناوی ئەندامە نوێیەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە ژمارەیان ٣٢٩ کەسە رادەگەیەندرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تانەکان، ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند دەکرێت بەر لەوەی بەرزبکرێتەوە بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی.

رۆژی شەممەی رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عیراق، دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند کە زۆربەی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی بە تایبەتیش لایەنە شیعەکان ئەنجامەکانیان قبوڵ نەکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار