پارتی هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار دەداتە یەكێتی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆبوونەوەی وەفدی باڵایی پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆتایی هات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند:" پۆستی سەرۆک کۆمار هی لایەنێک نییە و پێویستە بە ڕێککەوتن دابنرێت:" وتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: نەریتێک هەبووە کە پۆستەکە هی یەکێتییە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، وەفدێكی پارتی سەردانی شاری سلێمانی كرد و بەپێی بەرنامەی وەفدەكە لەگەڵ هەر یەك لە یەكێتی و گۆران و سۆسیالیست كۆدەبێتەوە.
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بابە شێخ حوسێن وتەبێژی یەكێتیی رایگەیاند" سەردانەکەمان بۆ پارێزگای سلێمانی سەردانێکی دۆستانەی دوای هەڵبژاردنە بۆ رەواندنەوەی گرژییەکانی هەڵبژاردنە".
وتەبێژی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، وەک شاندی پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین، هەموو ئەو لایەنانەی کوردستان کە بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، پێکەوەبین داکۆکیکی لەو مافە دەستوورییانە بکەین کە بەدەستهاتوون و کار بۆ بەدەستهێنانی ئەوانەش بکەین کە ماوەن.
لەسەر هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد" ێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەنگاویان بۆ ئەم مەبەستە ناوە و لە رێککەوتن نزیکبوون، بەڵام ئاستەنگ هاتنە پێش".
لای خۆیەوە بابە شێخ حوسێن وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند" پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین".
باسی لەوەشکرد: سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، نەریتێک هەیە کە ئەو پۆستە پشکی یەکێتی بووە، پێموانییە ئەوە ببێتە کێشە لە نێوانمان.
وتیشی" لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هیچ پۆستێک نەکراوە، بەڵکو باس لە یەکڕیزی و کێشەکانی هەرێم و بەغدا کراوە، نەک پۆستەکان."
