یەپەگە راگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتدەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەپەگە راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتدەکاتەوە كە باس لە گیانلەدەستدانی پێنج گەریلا لە رۆژئاوای کوردستان کردبوو". دەڵێت:" هێزەکانیان لەو ناوچانەدا هیچ جموجووڵێکی سەربازییان نییە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2021، یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لەڕاگەیاندراوێكدا رایگەیاند: "وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەراگەیاندراوێكدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانی ئێمە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا پێنج شەڕڤانمان شەهید بوون، بەڵام ئەم زانیارییە راست نییە".
یەپەگە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت:" هێزەکانیان لەو ناوچانەدا کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی پێداون، هیچ جموجووڵێکی سەربازییان نییە".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 17ی تشرینی یەکەمی 2021 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە ناوچەی کانی ئاشتی (سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان) لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی گرتوونیانەتەبەر رێگرییان لە هێرشێكی شەڕڤانانی یەپەگە کردووە و لە ئەنجامدا 5 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
لە تشرینی یەکەمی 2019دا سوپای تورکیا و ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە نزیکن لە ئەنقەرەوە هێرشیانکردە سەر سنووری سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆنتڕۆڵیان کردن.
لە کانوونی دووەمی 2018یشدا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ شەڕڤانان، هەرێمی عەفرینیان کۆنتڕۆڵکرد.
