وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی: بایکۆت نیشانەی نیگەرانی خەڵکە بەرامبەر سیاسیەتی سەرجەم حزبەکان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ لەشاری هەولێر وەفدێكی پارتی سەردانی بزوتنەوەی ئیسلامی کرد وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند:" 65%ی خەڵکی کوردستان و عێراق بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی کرد، ئەوەش نیشانەی نیگەرانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرامبەر خراپی دۆخی وڵات و سیاسیەتی سەرجەم حزبەکان".
ئەمڕۆ سێشەممە ، 19ی تشرینی یەکەمی 2021، دوای ئەوەی دوێنێ وەفدێكی پارتی سەردانی بزوتنەوەی ئیسلامی کرد لە كۆنگرەیەكی هاوبەشدا عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند:" حزبەکەیان باوەڕی وایە خەڵکی کوردستان بەگشتی لەحزبەکان نیگەرانە لەبەر ئەوەی لەئەنجامی سیاسیەتی حکومەت نرخی سوتەمەنی، کەلوپەلێک و هەموو شتێکی دیکە گرانبووە".
باسی لەوەشکردوە، 65%ی خەڵکی کوردستان و عێراق بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی کرد، ئەوەش نیشانەی نیگەرانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرامبەر خراپی دۆخی وڵات و سیاسیەتی سەرجەم حزبەکان.
مەحموود محەممەد، وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامی شاندی ئەو حزبە بۆ سەردانیکردنی لایەنەکان رایگەیاند:" پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ پێش راپەڕین دەگەڕێننەوە و هەردوولا لە چەندین وێستگەدا بەیەکەوە خەباتیان کردووە، بۆیە سەردانەکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان و بەسەر کردنەوەی لایەنەکان بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی باوەڕی وایە دەبێت سەرجەم لایەنەکان لەبەغدا یەکگرتووبن، بۆیە داوایانکرد ئەو لایەنانەش کە کورسییان بەدەستنەهێناوە پشتیوانی ئەوانەبن کە دەچنە پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئەوانیش بەهێز و پشتیوانییەکی زیاترەوە داکۆکی لەمافەکانی کورد بکەن.
دوای ئەوەی دوێنێ وەفدێكی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەبەستی "رەواندنەوەی ئەو نیگەرانیانەی کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستبووبوون" لەسلێمانی سەردانی سەرکردایەتی یەکێتی، گۆڕان و حزبی سۆسیالیستی کرد، ئەمڕۆش لە هەولێر لە سەردانیكردنەكەیان بەردەوامن و بڕیارە دواتر سەردانی حزبی شوعی بكەن.
