زاڵمای خەلیل زاد دەستی لە کارکێشایەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان دەستی لە کارکێشایەوە و خەمباری خۆی بۆ گەلی ئەفغانستان دەربڕی بۆ "ئەو بارودۆخەی کە تێیکەوتوون".
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" سوپاس و پێزانینی فراوانمان بۆ زاڵمای خەلیلزاد هەیە کە چەندین دەیە خزمەتی گەلی ئەمریکای کردووە، وتیشی تۆماس وێست، جێگری خەلیلزاد شوێنەکەی ئەو دەگرێتەوە وەک نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان".
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا، خەلیلزاد نووسیویەتی: "من دان بەوەدا دەنێم ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا هەبوو بەو جۆرەی کە خوازیاری بووین، نەچووەپێش. هۆکارەکەشی بۆ چەندین بابەتی زۆر ئاڵۆز دەگەڕێتەوە، کە لە چەند رۆژ و مانگەکانی داهاتوودا باسیان دەکەم".
زاڵمای خەلیلزاد وتیشی:" هەست بە خەمباری بۆ گەلی ئەفغانستان دەکات بۆ "ئەو بارودۆخەی کە تێیکەوتوون"، راشیگەیاند دەستلەکارکێشانەوەکەی لەکاتێکدایە ئەمریکا بە قۆناخێكی نوێ لە "سیاسەتەکانی لە ئاست ئەفغانستاندا تێدەپەڕێت".
دەستلەکارکێشانەوەی خەلیلزاد لەدوای دوو مانگ دێت لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان کە لە 15-8-2021 دەستیان بەسەر کابوولدا گرت و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەشێوەیەکی شپرزە و ناڕێکخراو کشانەوە، کە بووە جێگەی رەخنەی زۆربەی وڵاتانی جیهان و ناوخۆی ئەمریکاش.
زاڵمای خەلیزاد لە ئەیلوولی 2018وە وەک نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاشتەوایی ئەفغانستان دەستبەکاربوو، ئەوەش رێگەی پێدا دەستی باڵای هەبێت لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی تاڵیبان و ئەمریکا کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا بە چڕی لە دەوحەی قەتەر بەڕێوەچوون.
