زانیاری نوێ لەسەر گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بڵاودەكرێتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوهبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق ئەو تایبەتمەندییانەی ئاشکرا کرد کە لە تابلۆ نوێکەی ئۆتۆمبێلدا هەیە و بڕیارە لە سەرجەمی شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە عەمید حەیدەر کەریم، بەڕێوهبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە بەڕێوهبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق لە لێدوانێکی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند: "تابلۆکانی ئۆتۆمبێل لەسەرتاسەری عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەکدەخرێن".
وتیشی: "لە تابلۆ نوێکەدا ناوی پارێزگا نامێنێت و بە ژمارەیەکی تایبەت پارێزگاکان جیادەکرێنەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "تابلۆ نوێیەکان بە کوالێتی جیهانیی و هاوشێوەی ئەو وڵاتانە دروستدەکرێن کە چوونەتە ناو رێککەوتنی ڤییەنناوە".
لێدوانەکە لە کاتێکدایە کە لە رۆژی 16ی حوزەیرانی رابردوودا بەڕێوهبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی ناوەند و هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد سیستمی بەڕێکردنی مامەڵەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی کۆنە.
