رێكخەری ژوری یاسایی گۆڕان: پرۆژەی هەستانەوە و بە خۆدا چونەوە بەبێ كشانەوە لەحكومەت وەهمە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێكخەری ژووری یاسایی گۆڕان رایگەیاند:"پرۆژەی هەستانەوە و بە خۆدا چونەوە بەبێ كشانەوە لەحكومەت جۆرێك لەوەهمی تێدایە".

چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێکدا ڕایگەیاند، هاتنە دەرەوەی بە پەلە لە حکومەت، دەبێت هەنگاوی یەکەم بێت بۆ هەڵسانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان.

چۆمان محەمەد باسی لەوەشکردووە "ئامانجی سەرەكی و بنەرەتی بزوتنەوەی گۆران بۆ بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بریتبوو لە چاكسازی ریشەیی لەسێكتەرە جیاوازەكان،  بۆ ئەوەش پڕۆژەیەکی تێروتەسەلی پێبوو. بەڵام حکومەت چاکسازی تەنها لەچوارچێوەی وتار و دروشم و بەڵێندا کورت کردۆتەوە و لە کرداریشدا چاکسازی نەیارە بە چاکسازی و بەردەوام سەرقاڵی ریزکردنی پاساوی بێبنەمایە، رونتر بڵێم حکومەت لە وتاردا دۆستی چاکسازییە و لە کرداردا دژی چاکسازی".

دەقی نوسینەکەی چۆمان محەمەد



هاتنە دەرەوەی بە پەلە لە حکومەت، دەبێت هەنگاوی یەکەم بێت

ئامانجی سەرەكی و بنەرەتی بزوتنەوەی گۆران بۆ بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بریتبوو لە چاكسازی ریشەیی لەسێكتەرە جیاوازەكان،  بۆ ئەوەش پڕۆژەیەکی تێروتەسەلی پێبوو. بەڵام حکومەت چاکسازی تەنها لەچوارچێوەی وتار و دروشم و بەڵێندا کورت کردۆتەوە و لە کرداریشدا چاکسازی نەیارە بە چاکسازی و بەردەوام سەرقاڵی ریزکردنی پاساوی بێبنەمایە، رونتر بڵێم حکومەت لە وتاردا دۆستی چاکسازییە و لە کرداردا دژی چاکسازی.
ئەم كابینەیەی حكومەت كابینەیەكی ئەمنی ومەركەزیی و ناشەفاف بوە لە پێناو بەرژەوەندی پارتی، لەزۆر بواردا ئەم حكومەتە شكستی هێناوەو پاشەكشەی كردوە بەتایبەت لە (ئازادی رادەربرین و رۆژنامەوانی و نەبونی خزمەمەتگواری و موچەو لامەركەزی و سەربەخۆی دادگا و شەفافیەتی کەرتی نەوت وسەرچاوەی داهات و تێكچونی پەیوەندی هەرێم و بەغداد و پاشكۆیەتی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان بۆ حیزبی فەرمانرەوا(پارتی) و گرانبونی شتومەك وكاڵا و خراپی دۆخی بازاڕ و زیادكردنی باج و رسومات و هتد..) کە ئەمانەش یەكجار نادادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا شکاوتەوە بەپێچەوانەی دەستو رو یاسا كارپێكراوەكان.
ماوەیەكی زۆر تێپەریوە بەسەر تەمەنی کابینەکەدا، بەڵام بە هەڵسەنگاندنمان بۆ بەشداریمان لەم حكومەتەی ئێستا لە زیانی بزوتنەوەی گۆران بووە، رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان باشترین هەڵسەنگاندن بێت بۆ ئەو بەشدارییە.
بزوتنەوەی گۆران بەدنیابینی حكومەتێكی رەشید و خزمەتگوزاری نیشتیمانی بەشداری كردوەو مامەڵەدەكات،  بەڵام نیەت ودەستوەردانی حزبی ئەوەندە زۆرە لەمپەری گەورەیە بۆ هەر جوڵەیەكی گۆرانکاری،  كە لەتوانای ئێستای ئێمەدا نیە ئەم کەلتورە زاڵە بگۆرین، بۆیە بەردەوامیمان لە حکومەت و چونە ناو زەلكاوی ئەم شێوە حكومرانیەی هەرێمی كوردستان، رەوشی بزوتنەوەکە خراپتر دەکات.
بزوتنەوەی گۆڕان لەپاش ئەو شكستەی روبەڕوی بویەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستی بەجوڵەی رادیكاڵی ئازایانە هەیە بۆ دوبارە گێرانەوەی متمانەی هاولاتیان واتا بەرتاقەی گەورەیی سزادانەکە پێویستییەکی بە نەشتەرگەرییەکی گەورە هەیە و ئازارەکەی هەرچەندێک بێت دەبێت ئەنجامی بدەین، تێپەرینی كات لە سودی گۆڕان نیە ئە گەر سستی بكات لە گۆرانکاری دواتر رەنگە دەرفەتی ئەوە نەمێنێت ئەو نەشتەرگەرییەش ئەنجام بدەین.
بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن
بزوتنەوەی گۆران رێگەی ئۆپۆزسیۆن بونی هەروا ئاسان نیە و گۆرەپانەكە چۆڵ نیە، بۆیە بۆ ئەم بیرۆكەیەش روئیاو دنیابینی وگوتاری زۆر رون راشکاو و قوربانی دەوێت و ئەزمونی کەوتنی حزبەکان لە رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەوەمان پێدەڵێت ئیرادەی جدی نەبێ کارەکە زۆر ئەستەم دەبێت.
لە كۆتایدا وایدەبینم پرۆژەی هەستانەوە و بە خۆدا چونەوە بەبێ كشانەوە لەحكومەت جۆرێك لەوەهمی تێدایە، چونکە ئەو سزایەی لایەنگرانی گۆڕان بە گۆڕانیان بەخشی بەرمەبنای بەشداری گۆڕانە لە حکومەت، بەشدارییەک کە نە لەگەڵ چاوەڕوانی خەڵک یەکدەگرێتەوە و نە لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی گۆڕان بۆ حکومڕانی و چاکسازی هەیەتی.
قسەی رشد لێرەدا ئەوەیە، بزوتنەوەکەمان دەیەوێت بەخۆداچونەوە بکات و پەنجە بخاتە سەر برینەکانی و تیماریان بکات، ئەگەر بمانەوێت ئەوە بکەین هەنگاوی یەکەم دەبێت شان خاڵیکردن بێت لەو هەموو بەرپرسیارێتییەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی لەسەر شانمانە.
چۆمان محمدعلی
رێكخەری ژوری یاسای
۱۸/۱٠/۲٠۲۱

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار