لە کەلار و چەمچەماڵ خۆپیشاندان دەستیپێکرد

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شۆفێرانی شارۆچکەى کەلار و چەمچەماڵ لە دژی گرانبوونی نرخى بەنزین گردبوونەتەوە و ڕێگا سەرەکییەکانیان داخستووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2021، بەشێكى زۆر لە شۆفێرانی سنوورى شارۆچکەى چەمچەماڵ لە دژی گرانبوونی نرخى سوتەمەنى و بەتایبەت بەنزین لە بانى مەقان گردبوونەوە و ڕێگاى سەرەکى کەرکوک و سلێمانیان داخستووە.
هەروەها، شۆفێرانى شارۆچکەى کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لە گەڕەکی بەردەسوورى دەروازەى شارۆچکەکە گردبوونەتەوە و ڕێگاى سەرەکى شارۆچکەکە و سلێمانیان داخستووە.
خۆپیشاندەران داوا دەکەن، نرخی بەنزین کەمبکرێتەوە، کە نرخەکەی لە ئێستادا بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون.
دوێنێش بەشێك لە شۆفێرانی شارۆچکەى دەربەندیخانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى لە دژی گرانبوونی نرخى سوتەمەنى و بۆ هەمان مەبەستیش لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆى بەرزبونەوەى نرخى بەنزین شۆفێرانى هێڵەكانی پاسی ناو شار لەبەردەم قائیمقامیەتى سلێمانى گردبوونەوە.
لە ماوەى دوو ڕۆژى رابردووەوە نرخی جۆرەکانى بەنزین بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبوەتەوە بە جۆرێک لیترێک بەنزینی سۆپەر بۆ هەزار و ١٥٠ دینار، لیترێک بەنزینى موحەسەن بۆ هەزار و ٥٠ دینار و لیترێک بەنزینى نۆرماڵ بۆ ٩٠٠ دینار بەرز بووەتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتى هاوڵاتیان و شۆفێرانى لێکەوتووەتەوە.
