پارتی داوا لە لایەن و پێکهاتەکان دەکات نەبنە لایەنگر لەدانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی پارتی ڕایگهیاند:" پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردستانە و داوا لە لایەن و پێکهاتەکانی دیکە دەکەین نەبنە لایەنگر لەدانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2021. کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشی پارتی و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، ڕاستە ئێمە ڕکابەری یەکترین لەسەر ئەوەی ڕێگەی جیاوازمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هاوبەشی لەنێوانماندا هەیە و بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان پێویستە کۆکراوەی هەموومان بێت بەو ئامانجەش سەردانی لایەنە کوردییەکانمان دەستپێکردووە.
وتیشی، ئەگەر ناوخۆی ماڵی کوردستان یەکڕیز بێت ئەو دەستانەی دەیانەوێ درز دروستبکەن ناتوانن، لە ڕابردوودا لایەنی دژ بە مافەکانی ئێمە توانییان هەندێک خەڵک ئاراستە بکەن بۆ ئەوەی دژ بە مافەکەنیان قسە بکەن، ئێمە نامانەوێت جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە، بەڵکو دەمانەوێ لەگەڵ هەموو لایەنەکان وڵات بەڕێوە ببەین. ئەوەشیخستەڕوو، چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە هێزێکی زۆر هەیە.
وتەبێژی پارتی سەبارەت به یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان لایەنە کوردستانییەکان وتی، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە لەسەر پۆستەکان، ئەوەی تاوەکو ئێستا لای پارتی ڕوونە ئەوەیە کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کوردە، بۆ کێ دەبێت ئەوە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام نابێت بۆ حزبێک بە میرات بێت، بەڵکو پێویستە بە ڕێککەوتن بێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، مەحموود محەمەد وتی، ڕێککەوتنێکی نەنووسراو لەلایەن سێ پێکهاتەی عێراقی کراوە، ئەویش لەلایەن کورد و سووننە و شیعە، پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان پێکهاتەکان دابەشکراوە، پێمان باشە هیچ کەسێک لە ئێمە قسە لەسەر دانانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نەکات کە بۆ کێ دەبێت، هەروەها ئەوانیش نهبنه تهڕهف لە دانانی پۆستی سەرۆک کۆمار.
