قەرەیلان داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی گازی کیمیایی بکەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
موراد قەرەیلان، ڕایگەیاند:" دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ڕون و ئاشکرا گازی کیمیایی لەدژی گەریلا بەکاردەهێنێت، بانگەوازیشی لە دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بکەن".
موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی، وەڵامی پرسیارەکانی ماڵپەڕی مەدیا نیوزی دایەوە.
قەرەیلان دەستنیشانی کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چەکی کیمیایی هێرش دەکات، داواشی کرد شاندێکی نیودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بکات.
قەرەیلان، ڕوونیکردەوە: ئێمە هێزەکانمان لە گردی سوور کشاونەتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک هێشتا نەیتوانیوە بچێتە ئەو گردە، تەرمی هەڤاڵەکانمان هێشتا لەناو تونێل دان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بچنە ئەو تونێلە و سەیر بکەن بزانن ئایا چەکی کیمیایی بەکارهاتووە یان نا.
فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە بانگەوازیشی لە هێزە کوردییەکان کرد بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی نەتەوەیی و سیاسەتێکی هاوبەش و ڕاشیگەیاند: هەر هێزێک خۆی بسپێرێ بە هێزی جەوهەری خۆی مسۆگەر سەردەکەوێت.
قەرەیلان، جەختی لەوەكردەوە:" دەوڵەتی تورک یاسای نێودەوڵەتی شەڕ پێشێل دەکات و تاوان ئەنجام دەدات، پیویستە دامودەزگاکانی بەرپرس چاویان لەئاست ئەم تاوانە دانەخەن و دەستوەردان بکەن، ئەگەر بێن لێکۆڵینەوە بکەن ئەوا شاهیدی دەدەن، توانای ئێمەش ئەوەندەیە، ئێمە پێشتریش لە گارە بانگەوازیمان کرد، ئێستاش جارێکی دیکە بانگەوازیی دەکەن، شاندەکان دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەن و شتی باوەڕپێکراو دەست بخەن".
