ئۆپۆزسیۆنی سوریا: ئاگربەست مەرجی سەرەکیمانە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ ڕایگەیاند:" ئاگربەستێکی گشتگیر مەرجی سەرەکیمانە".
هادی بەحرە، سەرۆکی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ بەرلە دەربڕینی هەڵوێستەکەی سەرەخۆشی خۆی لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشی حکومەتی سووریا بۆ سەر ئەریحا لە پارێزگای ئیدلیب کرد کە تێیدا 11 کەس گیانیانلەدەستدا لەنێویاندا منداڵ و ژن و پیاو هەبوون.
سەرۆکی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وتی:" ئەو هێرشە بەڵگەی ئەوەیە کە ئێستا وڵاتەکە لەهەموو شتێک زیاتر پێویستی بە ئاگربەستی شەڕە".
هادی بەحرە وتی:" هەندێ لایەن لە سووریا هەن چێژ لە خوێنڕشتن دەبینن کە دەبینن وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی دەڕوات هەوڵی هێرش و پەلاماری زیاتر دەدەن".
سەرەتای هەفتە گیر پیدەرسن، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند، حکومەت و ئۆپۆزسیۆن رێککەوتوون دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە و رەشنووسێکی نوێی دەستوور ئامادەبکەن.
گفتوگۆکانی جنێڤ بە نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان پێچەوانەی گفتوگۆی ساڵانی لەمەوبەر کەمتر سەرنجی لەسەر ئاگربەستی شەڕ و لایەنی مرۆییە و سەرنجی گەورەی لەسەر نووسینەوەی دەستووری سووریایە، بە گوتەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات، کۆتایی بەو خوێنڕشتنەش دەهێنێت کە ماوەیەکە هێوربوونەوەیەکی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام نەشوەستاوە.
لیژنە 45 کەسییەکەی دەستووری سووریا بۆ یەک هەفتە لە جنێڤ کۆدەبنەوە. لیژنەی دەستووری سووریا لە 2019 پێکهێندرا؛ تاوەکو ئێستا 5 جار کۆبوونەتەوە، دوایین کۆبوونەوەیان لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بوو، بەڵام ئەو ناکۆکییە زۆرانەی لە سووریادا هەن وایکردووە، کارەکانی لیژنەکە بە سستی بەڕێوەبچن.
