سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كاتی زیندوو كردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی راگەیاند
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند:" لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوو دەردەکەوێت رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران "زیندوو دەکرێتەوە" یاخود نا".
رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوو دەردەکەوێت رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران "زیندوو دەکرێتەوە" یاخود نا؛ وتیشی حکومەتی ئێران بەفەرمی داوای لێکردووم سەردانی وڵاتەکەیان بکەم تاوەکو لە نزیکەوە تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن.
بابەتی سەرەکی کە بڕیارە هەردوولا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکەن دەستپێکردنەوەی چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەنێو وێستگە ئەتۆمییەکان ئەوەش لەڕێگەی کاراکردنەوەی کامێرەکانی چاودێریکردنی سەر بە ئاژانسەکەیە.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لەدوای تەقینەوەکەی نێو وێستگەی کەرەج لە رۆژئاوای تاران و تێکچوونی بەشێك لە کامێراکان و ژمارەیەک لە ئامێرەکانی سانتریفیووج، ئێران رێگەی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەدا چاوی بە داتاکانی کامێرەکان کەوێت.
گرۆسی رایگەیاند، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەگەر سیستەمی چاودێریکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان چالاکنەکرێتەوە، ئەوا گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئەستەم دەبێت.\
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکەنەوە. هاوکات گوتەبێژی کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنیی یەکێتیی ئەوروپا ئەو لێدوانەی ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ کۆبوونەوەیەک لە رۆژی پێنجشەممە ناکرێت".
رازیبوونی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەوان ئامادەن پلانێکی دیکە بەکاربهێنن ئەگەر بەرپرسانی تاران بە نیازپاکییەوە نەگەڕێنەوە نێو گفتوگۆکان.
حوزەیرانی ئەمساڵ، دوای شەش گەڕی دانوستاندن، کۆبوونەوەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا چەقیان بەست و ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ بەرزترین ئاست لە مێژووی خۆیدا بەرزکردەوە، کە بە گوتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە.

