گوهدار زێباری لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گوهدار زێباری دوای ساڵێک لە مانەوەی لەزیندان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەوانەی دەستگیریانکردوون ئامانجیان نەپێکا لە زیندانیکردنیان و سوپاسی ئەو کەسانەش دەکات کە بەرگری لە دەستگیرکراوانی بادینان کردووە.
گوهدار زێباری رۆژنامەوانی سزادراوی بادینان لەدوای ساڵێک لە دەستگیرکردنی پەیامێک لە زیندانەوە بڵاو دەکاتەوە و تیایدا دەڵێت “سلاوێکێ بوێرانە لە زیندانێکی قۆڵ و دابڕاو بۆ میللەتێکی ستەملێکراو لەدەست دەسەڵاتێکی نەبان و زاڵم، لێرە جوانترین شت قەدەغەیە ئەویش قەڵەمە بۆیە ناچارم بە پارچە زنجیرێك ئەم پەیامە بنوسم”.
ئەو دڵنیا نییە لەوەی نوسینەکەی بڵآو دەبێتەوە یان نا بۆیە دەڵێت “ئەگەر بگاتە دەستی ئێوەش دوای بڵاو بونەوەی دڵنیا نیم لە سەلامەتی ژیانی خۆم بەڵام بەلای عاشقەوە گرنگ نیە ئەوەی دێتە ڕێگای بۆ گەیشتن بە مەعشوقەکەی، چونکە ئێمە پاشماوەی خوێنی قەڵەمین بۆیە دەبێت دێڕە تەواو نەکراوەکان تەواو بکەین و گوتارە بچراوەکانیش بەردەوامی پێ بدەین”.
نوسینی ئەو رۆژنامەنوسەی کە بە ٦ ساڵ زیندانی لەگەڵ چوار هاوکار و هاوڕێدا لەلایەن دادگای دووی هەولێرەوە سزا دراوە دەشڵێت “ئێمە لێرەین چونکە پەنجەمان بۆ سەرەداوەکانی گەندەڵی درێژکردووە وچاومان خستوەتە سەر گردەکانی ئەم وڵاتە کە بەلای ئەوانەوە عەورەتە و نەزەری حەرامە، بەڵام بەلای ئێمەوە حەق و مافە، قسەمان لەسەر کومەڵێك کەس کردووە کە بەلای ئێمەوە مروڤن و قابیلی رەخنەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە پیروز و قدوسن، لە رێزی خوادوەندەکانن، بۆیە دەبێت قسە بکەین ھەتا ھەموو شتێك دەچێتەوە قەبارەی خۆی”.
گوهدار باس لە سزاکەیان دەکات و دەڵێت “زۆر داخ لە دڵن بەئێمە بۆیە ٦ساڵ سزای ئێمە یان داوە دیاریش نیە ئاخۆ ئەم سزایە داخی دڵیان دادەمرکێنێت یان تینوی سزای زیاترن، چونکە دارەکە خراپ لەسەریان شکایەوە ھەر دەستگیرکردنی ئێمە خۆی بەخۆی سەرکەوتنی ئێمە بوو، چونکە ئەوان مانگانە ملیونان دۆلار لە میدیا و سۆشیال میدیا خەرج دەکەن و ھەزارەھا موچە خۆر بەناو نوسەر و رۆژنامەنووس وفلان و فیسار ھەن کەچی قودرەتی ئەوەیان نەبوو بە گوتار بە قەڵەم وگفتوگۆ و مێزگرد وەڵامی ئێمە بدەنەوە”.
باس لەوەش دەکات کە ئەوانی دەستگیریانکردوون دۆڕاون و بە تۆمەت و قسەی ناڕاست دەیانەوێت ڕاستییەکان بگۆڕن هەر بۆیە دەشڵێت “دڵنیابن ناتوانن حەقیقەت بگۆرن و ڕاستی بەڕێگای خۆی دەڕوات،خاڵێکی تری دۆڕانی ئەوان ئەوە بوو دەیانویست بادینان بترسێنن و ملکەچی خۆیانی بکەن، بەڵام بادینان ئەم جارە گرێی نێوان سوران و بادینانی کردەوە و بەستەلەکی نێوان سلێمانی و دھۆكی شکاند”.
زێباری جەختلەوە دەکاتەوە کە مەبەستیان بوو قەلەمە بوێرەکانی بادینان بشکێنن “بەڵام بەم کارەی ئەوان ھەڤاڵانی ئێمە نەک تەنها لە بادینان بەڵکو لە سەرانسەری جیھان وەکو سیمبولی ماف و ئازادی بۆ نەتەوەیەك ناسێنران”.
لە کوتایی پەیامەکەیدا گوهدار زێباری ستایشی ئەو کەسانە دەکات کە پشتیوانیان کردووەن دەڵێت “بەرامبەر بە ھەڵوێستی ھەر کەسێك لە ھەر شوێنێك لەھەر پلە و پۆستێك لەھەر نەتەوەیەك بۆ پشتیوانی ئێمە خۆمان دەچەمێنینەوە و ڕێزی لێ دەگرین زۆر سوپاس”.

