نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات رێز لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بگیرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی 

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش پیرۆزبایی لە خەڵک و حکومەتی عێراق دەکەن بەبۆنەی دوایین هەڵبژاردنیان کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەنجامدرا. ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش پێشوازی لە راپۆرتە سەرەتاییەکان دەکەن کە پیشانیدەدەن هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەچووە و پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری رێوشوێن و لایەنی تەکنیکییەوە بەخۆیەوە بینیوە، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو".

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ستاییشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن لە بەرامبەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی باش. هەروەها دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکەن لە بەرامبەر ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن و رێگەگرتن لە دروستبوونی تووندوتیژی لە رۆژی دەنگدان. 

ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها دەستخۆشی لە رۆڵی یونامی دەکات کە لەرێگەی پێشکێشکردنی یارمەتی تەکنیکی و دابینکردنی چاودێرەوە هاوکاریی پرۆسەکەی کردووە. 

ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هاوکات سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەن کە لە رێگەی ناردنی چاودێرەوە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی یۆنامی، کارمەندانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەوانی دیکە دەکەن".

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش جەخت لە بانگەوازی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنەوە کە داوا لە هەموو لایەنەکانی عێراق دەکات ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن. هەروەها جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەموو ناکۆکیەک لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی، بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە رێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار