ئەمریکا: سەرکردەیەکی باڵای قاعیدەمان کوشت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگه‌یاند:" لە هێرشێکی درۆنیدا لە سووریا، سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی ئەلقاعیدەمان کوشتووە".

جۆن سیسگبی، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "عەبدولحەمید ئەلمەتار، سەرکردەی باڵای ئەلقاعیدەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا".

سیسگبی ئاماژەشی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک نییە ئایا کەسی دیکە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکاوە برینداربووبێت یان کوژرابێت و باسیشی لەوە کرد کە هێرشەکە لە رێگەی درۆنێکی جۆری ئێم کیو ناینەوە ئەنجامدراوە. 

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا گوتیشی، "لەنێوبردنی ئەو سەرکردە باڵایەی قاعیدە توانای رێکخراوە تیرۆریستەکە لە دانانی پلانی زیاتر و ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆسەر جیهان لاواز دەکات."

لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، پێنتاگۆن کوشتنی سەليم ئەبو ئەحمەدی راگەیاند و گوتی، ناوبراو فەرماندەیەکی باڵای قاعیدە بووە لە سووریا و لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک ئیدلب کوژراوە. 

بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سەلیم ئەبو ئەحمەد بەرپرس بووە لە "پلاندانان، دابینکردنی پارە و پەسندکردنی هێرشی ئەلقاعیدە لە ناوچەکەدا".

پێنتاگۆن لە راگەیێندراوەکەی لە بارەی کوشتنی عەبدولحەمید ئەلمەتار دەڵێت، "ئەلقاعیدە هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان. قاعیدە وڵاتی سووریا وەکو پەناگەیەک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە و هاوئاهەنگیی لەگەڵ هاوسۆزەکانی بکات و پلان بۆ هێرشی دەرەکی دابنێت".

هێرشە ئاسمانییەکە دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی تەنف لە باشووری سووریا کە نزیکەی 200 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکی تێدایە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار