مەسرور بارزانی پێشوازی لە پڕۆژەیاسایەكی ئەمریكا دەكات
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پرۆژە یاسایەکی دوو سیناتۆری دیموکرات و کۆماریی ئەمریکا دەکات لەبارەی هاوبەشیی بەهێزی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و رایگهیاند:" دەستوەردانی مرۆیی و دیاریکردنی هەرێمی نەفڕین، ژیانی خەڵکێکی زۆری لە مردن ڕزگار کرد".
ئەمڕۆ شهممه 23ی تشرینی یهكهمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پێشوازیی لە پرۆژە یاسای هەر دوو حیزبی کۆماریی و دیموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم کە لەلایەن هاوڕێ سیناتۆرەکانمان کریس ڤان هۆلین و مارکۆ روبیۆ سەبارەت بە رێزگرتن لە یادی ئۆپەراسیۆنی نەوای ئارام و هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا پێشکەش کراوە".
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا هەروەها سوپاسی "هەڵوێستی دۆستانەی" مایک وڵتز، جيم كوپەر، كريس ستيوارت، جەیسن کرۆ ، دینا دیتەس، ئاندی کیم و دۆن باکۆن ئەو حەوت ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکات بۆ پشتگیریکردن و سپۆنسەرکردنی پرۆژە یاساکە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە: "دەستوەردانی مرۆیی و دیاریکردنی هەرێمی نەفڕین، ژیانی خەڵکێکی زۆری لە مردن رزگار کرد، پاراستنی ئەو خەڵکە، لە پێناو پاراستنی ئەزموونی دیموکراسیمان زۆر پێویست بوو، کە بووە هۆی دروستبوونی دۆستایەتیی و هاوبەشییەکی بەهێز و مۆدێرن لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا. ئەمڕۆ کوردستان هەرێمێکی ئارامە لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا".
مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "دۆستایەتیمان لە سەر بنەمای بیروڕا و بۆچوونی هاوبەشەوە بنیاتنراوە، بە هیوای بەردەوامبوونی کارکردن و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە حکومەت و کۆنگرێسی ئەمریکا، لە پێناو بەهێزترکردنی ئەو دۆستایەتییە".
ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە
دوو سیناتۆری ئەمریکا، بۆ وەبیرهێنانەوەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارام و هەرێمی نەفڕین، پرۆژە یاسایێکی پێنج خاڵیان پێشکێشی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەیان کرد، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە جەخت لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، کریس ڤان هۆلێن سیناتۆری دیموکرات لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکان ئەو پرۆژە یاسایەیان پێشکەشی کۆنگرێسی وڵاتەکەیان کردووە.
ئەمساڵ 30 ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارام تێپەڕی، کە تێیدا ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لە ساڵی 1991 گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مرۆییان دەستپێکرد بۆ هاوکاریکردنی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و دوای ئەوەش ناوچەی دژەفڕینیان بۆ رێگریکردن لە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەکانی حکومەتی سەدام حوسێن بۆ سەر کورد، راگەیاند.
لە پرۆژە یاساکەدا باس لە نەهامەتییەکانی گەلی کورد لە سەردەمی رژێمی بەعس دەکات و پێنج داواکاریی ئاراستەی کۆنگرێس دەکات، کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:
یەکەم: پێویستە کۆنگرێس بە فەرمی یادی 30ـیەمین ساڵەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارام بکاتەوە.
دووەم: پێزانینی خۆی بۆ ئەو سەرباز، دیپلۆمات، سەرکردە سیاسی و هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکا دەرببڕێت کە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نوای ئارامیان جێبەجێکرد و پێویستە رێزیان لێبگرێت.
سێیەم: پێویستە کۆنگرێس دان بە قارەمانییەتی ئەو دوو ملیۆن ژن، منداڵ و پیاوە کوردەی عێراقدا بنێت و رێزیان لێ بگرێت، کە خەباتیان بۆ رزگاربوون لە برسێتیی و مردن کرد و پێشوازییان لە یارمەتییەکە کرد و دەرفەتی ژیانێکی نوێیان لە ئامێز گرت.
چوارەم: پێویستە کۆنگرێس هانی سەرکردە کوردەکانی عێراق بدات، کە رێز لە بەها دیموکراسییەکان، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بگرن، کە کوردستانی عێراقیان کردووەتە مێرگێک لە نێوەڕاستی ناوچەیەکی ناسەقامگیر.
پێنجەم:
1- پێویستە کۆنگرێس جەخت لە هاوبەشیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و کوردی عێراق بکاتەوە، کە ئەو پەیوەندییە بە پێکەوەگونجان لەگەڵ هاوبەشییە بەهێزییەکەی ئەمریکا کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیەتی.
2- پێویستە جەخت لە بەردەوامبوونی رێز و پاڵپشتیی کۆنگرێس بۆ هاوڕێیە کوردەکانی ئەمریکا لە عێراق بکرێتەوە، کە بەشێوەیەکی بوێرانە لەگەڵ ئەمریکا لە دژی پەڕگیری و تیرۆر دەوەستنەوە.

