بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی دەستپێشخەری دەکات و ھەماھەنگ دەبێت بۆ یەکڕیزی تا پێکەوە سەنگی نەتەوەیی بپارێزین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەم ھەلومەرجەی ھاتۆتە پێش وادەخوازێت کورد ماڵی خۆی رێکبخاتەوە و یەک وتاری یەکگرتووی ھەبێت بۆ بەغدا، یەکێتیش لەو رووەوە دەستپێشخەری دەکات و ھەماھەنگ دەبێت بۆ یەکڕیزی تا پێکەوە سەنگی نەتەوەیی بپارێزن و لەچوارچێوەی دەستوور شەڕی مافەکانی کورد بکەن، کە ئەم ھەنگاوەش "خزمەتکردنە بەئامانجە باڵاکانی گەلی کورد".
بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و ئۆلیگ لیڤن، کونسوڵی رووسیا لەھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، قۆناغی ئێستا پێویستی هەیە بە رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئابووری زیاتر لە وڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ھەلومەرجەی ھاتۆتە پێش وادەخوازێت کورد ماڵی خۆی رێکبخاتەوە و یەک وتاری یەکگرتوومان ھەبێت بۆ بەغدا و یەکێتیش لەو رووەوە دەستپێشخەری دەکات و ھەماھەنگ دەبێت بۆ یەکڕیزی، تا پێکەوە سەنگی نەتەوەییمان بپارێزین و لەچوارچێوەی دەستوور شەڕی مافەکانمان بکەین، ئەم ھەنگاوەشی بە خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد وەسفکرد.
لەبارەی دۆخی ناوخۆ و هەنگاوەکانی چاکسازیش ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی خستوەتەڕو، "گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی و ناوچەکە ھانمان دەدات ناکۆکییەکان وەلابنێین و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە کار بکەین بۆ چاکسازی راستەقینە و خزمەتکردنی زیاتر، لێشگەڕێین دامەزراوە رەسمییەکان ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێبکەن."
سەبارەت بە پرسی رۆژئاوای کوردستانیش بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەکردوە، جەخت دەکەنەوە لەپشتیوانی، سەقامگیری سیاسی، دیالۆگ و چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی بە فاکتەری ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە دەزانن و داوا لە رووسیاش دەکەن ھەماھەنگ و پشتیوانی زیاتربن لەو رووەوە.

