حەشدی شەعبی: هەڵبژاردن پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو بەبەشداری چەند لایەنێكی ناوخۆیی

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

 حەشدی شەعبی رایگەیاند: "هەڵبژاردن پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو چەند لایەنێکی ناوخۆیی بەشدارن تێیدا".

بەرپرسێكی حەشدی شەعبی تویتێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتیی ناوبانگ خراپ ئەوەی گوتوومانە دووپاتی دەکاتەوە لەوەی هەڵبژاردن پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو چەند لایەنێکی ناوخۆیی بەشدارن تێیدا".

لەتویتەكەدا وتویەتی:" ئێمە لەم تاوانە مێژووییە بێدەنگ نابین قوربانییەکانی هەرچییەک بن".

داوا لە  برایان و رۆڵەکانی گەلی جوامێرمان دەکەن گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتن فراوانتر بکەن لەوسەری عێراق بۆ ئەوپەڕی.

لەكۆتایی تیوتەەكەیدا جەختی لەوەكردۆتەوە:" کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بە قەڵغانێک بۆ رۆڵەکانی عێراق دەمێنێتەوە و رێگە نادات زیانیان پێ بگات، لەلایەن هەر لایەکەوە بێت و لە ئامادەباشیی تەواو دەبێت  و لەنزیکەوە چاودێری دەکات و لەدەستێکی گوڵ دەبێت و لەدەستەکەی دیکەی شمشێرێک دەبێت دەستی هەموو ئەو کەسانە دەبڕێتەوە کە یاری بە ئاسایش و سەلامەتی وڵات بکەن".

رۆژی هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات، کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن. داواشی کردبوو، کە حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن.

رۆژی 10-10-2021، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، تاوەکو ئێستاش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی رانەگەیاندووە.  

پێچەوانەی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی ئۆکتۆبەر ژمارەی کورسییەکانییان کەمی کرد یان کورسییان بەدەستنەهێنا بەتایبەت گرووپەکانی حەشدی شەعبی، کە لەرۆژی شەممە 23/10/2021 دەستییان داوەتە وەڵامدانەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری پەسنی راگەیێندراوەکەی کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار