فەرمانبەرانی گرێبەست: بە هەمیشەیی كردنمان لە بەرژەوەندیی حکومەتدایە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرمانبەرانی گرێبەست داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، گرێبەستەکانییان بکرێت بە هەمیشەیی و دەڵێن ئەوە لە بەرژەوەندیی حکومەتدایە  لەڕووی دارایی و ئیداریشەوە ئەرکی سەر شانی حکومەت ئاسانتر دەکەین".

ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 24ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لە راگەیێندراوەکەی فەرمانبەرانی گرێبەستدا هاتووە: "لە ماوەکانی رابردوودا لەسەر خواستی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراو ئاڕاستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە ژمارە 10432 لە رۆژی 2/9/2021 بە مەبەستی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پرسی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، پاشان سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 13/9/2021 لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە بە ژمارە  10995 داوای تەواوی داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەستی کردووە، کە لە داواکارییەکەدا (ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست، خشتەی بەراوردکاری بڕی مووچە بە هەمیشەیی و بە گرێبەستی، رای وەزارەتی دارایی بۆ ئەم پرسە) تێدا جێگە کراوەتەوە".

لە راگەیێندراوەکەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماژە بە وەڵامی وەزارەتی دارایی بۆ سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و تێیدا هاتووە: "لە 27ی 9ی 2021 بە نووسراوی فەرمی کە لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە داتا و زانیاری ورد ئەوە سەلمێندراوە کە بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەران گرێبەست مانگانە بڕی دوو ملیار هەشت سەد و پێنج ملیۆن دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە".

وەزارەتی دارایی لە نووسراوەکەیدا دەڵێت: "بۆ ئەو تەرخانکراوە کە ئێستا موچەی گرێبەستی لێ وەردەگرن دەتوانرێت بکرێن بە هەمیشەیی و هیچ بارگرانیەکی دارایی دروست ناکات". فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێن:  "ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە نەک بارگرانی بۆ حکومەت دروست ناکەین، بەڵکو لەڕووی دارایی و ئیداریشەوە ئەرکی سەر شانی حکومەت ئاسانتر دەکەین".

فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەکەین کە پرسی بە هەمیشەییکردنیان بەشێک بێت لە بەرنامەی کاری ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران و رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر بدرێت."

لەکۆتاییدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی دیکە دەکەن، ئەگەر وەڵامنەدرێنەوە، لەوبارەیەوە دەڵێن: "لەکاتی بەدەمەوە نەهاتنی داوا رەواکانی فەرمانبەرانی گرێبەست بەدڵنیاییەوە رێگەی شەقام و گوشاری مەدەنی دەگرینەبەر و گردبوونەوەی سەرتاسەری لە تەواوی هەرێم و بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار