ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: توانای چاودێری بنكە ئەتۆمیەكانی ئێرانمان نەماوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند: "حکومەتی ئێران داوایەکی ئاژانسەکەمانی تایبەت بە چاککردنەوەی کامێراکانی یەکێك لە پێگە ئەتۆمییەکانی رەتکردووەتەوە ئیدی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم توانای نییە تەماشای چالاکییەکانی ماوەی رابردووی ئێران بکات".
ئهمڕۆ یەکشهممه 24ی تشرینی یهكهمی 2021، رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند: "حکومەتی ئێران داوایەکی ئاژانسەکەمانی تایبەت بە چاککردنەوەی کامێراکانی یەکێك لە پێگە ئەتۆمییەکانی رەتکردووەتەوە".
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێیوایە بە رەتکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن ئێرانەوە، ئیدی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم توانای نییە تەماشای چالاکییەکانی ماوەی رابردووی ئێران بکات.
سەرەتای ئەمساڵ و لەدوای پەککەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بە رێککەوتنی ئەتۆمی، حکومەتی ئێران رێگەی بە تیمی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەدا چاودێری "کتوپڕ" بۆ پێگە ئەتۆمییەکانی بکات، بەڵام گرۆسی توانی ئەو دەمە حکومەتی ئێران رازی بکات بەوەی، کە کامێراکانی نێو پێگە ئەتۆمییەکان بە کراوەیی و چالاکی بهێڵێتەوە تاوەکو هەر کاتێك پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بتوانێت لە رێگەی تەماشاکردنەوەی کامێراکان ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئێران بێت.
گرۆسی دەڵێت حکومەتی ئێران داواکەی ئێمە بۆ چاککردن و تەماشاکردنی کامێراکانی نێو وێستگە ئەتۆمییەکانی رەتکردووەتەوە و چیدیکە ناتوانین بزانین ئێران لە ماوەی رابردوودا چ کار و چالاکییەکی کردووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئێران، گرۆسی رایگەیاند ئەو تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو جۆرە پەیوەندییە راستەوخۆیە لەگەڵ حکومەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی دابمەزرێنێت، هاوشێوەی ئەو پەیوەندییەی کە پێشتر لەگەڵ حکومەتەکەی حەسەن روحانی، سەرۆکی پێشووی ئێران هەیبوو.

