چاودێری بازرگانی سلێمانی: هەموو كاڵاكان لەدەرەوە نرخیان گران بووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی ڕایگەیاند:" ئەو شمەك و كاڵایانەی دێتە هەرێمەوە لە سەرچاوەكانیانەوە گرانبوون، بۆیە ئەمە لە دەسەڵاتی كەسدانییە و دەشڵێت: تەنها چارەسەر گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆ".
ئهمڕۆ یەکشهممه 24ی تشرینی یهكهمی 2021، سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی ڕایگەیاند:" ئێمە لەگەڵ هەرزانفرۆشیدا و هەر شوێنێك هەرزانفرۆشی بكات یارمەتیدەری دەبین، بەڵام بەشێك لە شوێنەكان كە داشكاندن دەكەن كاتێك هاوڵاتییەك داوای پێویستییەك دەكات پێی دەڵێن بەو نرخی تەواو بووە".
وتیشی:"كاتێك شوێنێك داشكاندن دەكات دەبێت ئێمە چاودێری بكەین بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی داشكاندنی كردووە، بۆئەوە نرخەكان لەگەڵ نرخی پێشوی و ئەو نرخەی لەلای كاشێرەكەیە بەراورد دەكەین.
هەر شوێنێك داشكاندن بكات، سەرەتا لێی دڵنیادەبینەوە لە داشكاندنەكە پاشان ڕێگەی پێدەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا بەبەردەوامی ڕۆژانە چاودێری دەكەین.
لەبارەی گرانی نرخی كاڵا و شمەكەوە وتی: ئەو شمەك و كاڵایانەی دێتە هەرێمەوە لە سەرچاوەكانیانەوە گرانبوون، بۆیە ئەمە لە دەسەڵاتی كەسدانییە، بەڵام شوێنێك لە شوینێكی تر گرانتر كاڵایەك دەفرۆشێت ئەوە جیاوازە و دەچێتە چوارچێوەی گرانفرۆشییەوە.
لەبارەی چارەسەری گرانییەوە ئاماژەی بەوەكرد، كە تەنها چارەسەر گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵپشتی كردنێتی، بۆئەوەی بتوانن ئەوانەی پێویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیانە پەرەی پێبدان، لەوكاتەدا دەتوانین كۆنترۆڵی نرخەكەی بكەین و هەم كوالێتییەكەیشی بە دڵی هاوڵاتیان بێت.

