پارێزگاری سلێمانی: پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەر و كارگوزارانی قوتابخانە و خوێندنگەكان ڤاكسین وەربگرن
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند:" پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەر و كارگوزارانی قوتابخانە و خوێندنگەكان خۆیان بكوتن و ڤاكسین وەر بگرن".
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، مردن بەڤایرۆسی كۆرۆنا 195 زیادیكردووە. بڕیاریشە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی هەرێم بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە كۆبێتەوە.
ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئامانج لە كۆبوونەوەكەی سبەینێ دووشەممە، تاوتوێكردنی ھەنگاوەكانی بەرەوپێشبردنی پێدانی ڤاكسینە لە قوتابخانە و خوێندنگاكانی هەرێمی كوردستان.
وتیشی، داخستنی دەرگای قوتابخانەكان چارەسەری دۆخەكە ناكات، بەڵكو پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەر و كارگوزارانی قوتابخانە و خوێندنگەكان خۆیان بكوتن و ڤاكسین وەر بگرن.
پارێزگاری سلێمانی داوا لە بەڕێوبەرایەتییەكانی پەروەردە لە سەرجەم قەزاكان دەكات داوا لە بەرێوبەرایەتی تەندروستی بكەن بۆ ئەوەی تیمی گەرۆكی تەندروستی سەردانی قوتابخانەكان بكات و مامۆستا و كارمەندەكانیان ڤاكسین وەربگرن.
لەلایەن خۆشییەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا بە رێژەی سەدا نۆزدە زیادی كردووە:" ڤاكسین بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و ئەو كەسانەی لە شوێنە داخراوەكان كاردەكەن، دەكرێتە ناچاری و رەتیشكردەوە دەرگای قوتابخانەكان دابخرێن."

