شارێكی ئەڵمانیا ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی كۆچبەرانی سەر سنورەكانی پۆڵەندا دەربڕی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سەرۆکشارەوانی  شاری میونشنی پایتەختی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا، ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی کۆچبەرانی سەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس رادەگەیێنێت، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا هێشتا رەزامەندیی لەسەر وەرگرتنی هیچ کۆچبەرێک دەرنەبڕیوە.

بەگوێرەی میدیای ئەڵمانی، ڤێرانا دیتێ، سەرۆکشارەوانی شارەکە رۆژی چوارشەممە رایگەیاندووە: "ئێمە چیدیکە ناتوانین تەماشابکەین خەڵک بێ یارمەتی لە چارەنووسێکی نادیاردا بمێننەوە، کە تەنانەت هەندێکیان بەهۆی برسێتی و نەخۆشی گیانیان لەدەستدا."

سەرۆکشارەوانیی میونخ هەروەها سەرکۆنەی ئەو مامەڵەیە دەکات، کە لە سەر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس لە بەرامبەر کۆچبەران بەکاردەهێنرێت.

لە کۆتای مانگی رابردوو، ڤێرانا دێتێ بە حکومەتی فیدڕالیی ئەڵمانیای گوتبوو کە شارەکەیان دەتوانێت خۆی لە کۆچبەرە لێقەوماوەکان بکاتە خاوەن، وەکو میدیای ئەڵمانی باسی کردووە. 

بەرپرسانی شارەکە داوایان لە حکومەت کردووە کە کۆچبەران راستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ میونشن، کە تاوەکو ئێستا داواکە وەڵامنەدراوەتەوە. 

ساڵی 2019، میونشن  خۆی بە "پەناگەیەکی ئارام" راگەیاند. ئێستاش پابەندبوونی خۆی بە هاوکاریکردنی ئەو کۆچبەر و پەناخوازانە دووپاتدەکاتەوە کە لەسەر سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گیریان خواردووە، لەگەڵ ئەوانەشی لە ئەفغانستانەوە رۆیشتوون. 

ئەو داواکارییەی سەرۆکی شارەوانی میونشن لە کاتێکدایە کە حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا پێیوایە دەبێت یەکێتیی ئەوروپا لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەراندا، یارمەتی پۆڵەندا بدات و سزای نوێش بەسەر بێلاڕووسدا بسەپێنێت تاوەکو ناچار بێت رێگە لە شەپۆڵی کۆچبەران بگرێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار