سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ هاوڵاتی: تائێستا ناسنامەی هیچ كۆچبەرێك لەكۆچبەرە خنكاوەكان دیار نییە

2 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران داوا لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکات، کە سەرنشینی بەلەمەکە بوون، هەموو زانیارییە کەسییەکانیان بۆ بنێرن، بۆئەوەی لە رێگەی نوێنەری دەزگاکەیانەوە بتوانن سۆراخیان بکەن و بیاندۆزنەوە دەڵێت:" تائێستا ناسنامەی هیچ كۆچبەرێك دیار نییە".

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"تائێستا ناسنامەی هیچ كۆچبەرێك دیار نییە، چونكە زۆربەی كۆچبەران لەكاتی چونەناو بەلەمەكانەوە ناسنامەكانیان فرێ دەدەن یان لەگەڵ خۆیان نایبەن بۆیە هیچ ناسنامەیەك تائێستا نەدۆزراوەتەوە".

سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران وتیشی:" تائێستا تەرمی 27 كەس دۆزراوەتەوە و دوان بریندارن و بێهۆشن لەنەخۆشخانەن لەئێستادا چاوەڕێین ئەو دو كۆچبەرە بەهۆش بێنەوە و هاوكارمان بن بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی كۆچبەرە خنكاوەكانی دیكە".

لەو 33 کۆچبەرە یەکێکیان بێسەروشوێنە و دووانیشیان رزگارکراون و لە نەخۆشخانەن. چاوەڕێن بەهۆش خۆیان بێنەوە و بزانن خەڵکی کوێن. لەنێو قوربانییەکان 5 ژن و منداڵێک هەن.

کارەساتەکە بە خراپترینی کەناڵی ئینگلیزی دادەنرێت کە لە ساڵی 2018وە بووەتە رێگەی ئەو کۆچبەرانەی لە فەرەنساوە دەچن بۆ بەریتانیا.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا قاچاخچییەکانی بە روودانی ئەو رووداوە تۆمەتبارکرد و وتی: "قاچاخچییەکان بەرپرسیارن لەم تراژیدیایە، کە ژیانی ژن، پیاو و منداڵانی بێگوناح دەخەنە مەترسییەوە، پۆلیس و هێزەکانی سوپا گەڕانی رۆژانەی بەردەوامیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانبارانە هەیە".

لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی زیادبوونی پەڕینەوەی کۆچبەران، ناکۆکی لەنێوان پاریس و لەندەن زیادیکردووە. بەریتانیا داوا لە فەرەنسا دەکات کەناڵەکە باشتر پاسەوانیی بکات بۆئەوەی رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان بگرێت.

کەناڵ ئینگلیز یەکێکە لە هەرە قەرەباڵخترین رێرەوە دەریاییەکان لە جیهاندا، و رۆژانە کەشتییە بازرگانیی و گەشتیارییەکان لەنێوان هەردوو وڵات هاتووچۆ دەکەن. قاچاخچییەکانیش چەند ساڵێکە ئەم رێگەیە بەکاردەهێنن بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەران لەڕێگەی بەلەمەوە کە زۆرجار هەڵگرتنی سەرنشینی زیاتر لە توانای بەلەمەکە، "کارەساتی" لێدەکەوێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار