له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان گروپێکى"سه‌له‌فى" هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کافتریایه‌ک

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

له‌ شارى جوانڕۆى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، گرووپێکى سه‌له‌فیى هێرشیانکرده‌ سه‌ر کافتریایه‌ک و دواتر له‌ناو شاره‌که‌دا ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا کرد.

 کاتژمێر نۆى شه‌وى رابردوو چه‌ند که‌سێک به‌ ماتۆر چوونه‌ته‌سه‌ر کافتریایه‌ک له‌سه‌ر شه‌قامى په‌روه‌رده‌ى جوانڕۆ و به‌ کلاشینکۆف ته‌قه‌یان به‌ناو کافتریاکه‌دا کردووه‌ و به‌ چه‌قۆش هێرشیانکردووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵک، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دوو که‌س بریندار بوون.

 به‌پێى هه‌واڵى سه‌رچاوه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، هێرشکه‌ره‌کان دواى ته‌قه‌کردن له‌ کافتریاکه‌، به‌ناوشاردا سووڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ سێ شوێن له‌ شه‌قامى سه‌نجاوی، گۆڕه‌پانى به‌سیج و چوار ڕیانى فه‌رمانگه‌ى په‌روه‌رده‌ ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا کردووه‌ و دروشمى "الله‌ اکبر"یان وتووه‌ته‌وه‌.

 هه‌روه‌ها وه‌ک سه‌رچاوه‌کانى هه‌واڵى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌ڵێن دواى هێرشه‌که‌، له‌ناو شارى جوانڕۆ و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ هێرشه‌که‌ له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ کراوه‌ که‌ "به‌ سه‌له‌فى جیهادى" ناسراون. 

هاوکات،  پۆلیسى جوانڕۆ دوو که‌س له‌ هێرش به‌ره‌کانى ده‌ستگیرکردووه‌ و  ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ک و که‌ره‌سته‌کانیشیاندا گیراوه‌.

ئه‌مه‌ یه‌که‌مجار نییه‌ گروپه‌ سه‌له‌فییه‌کان له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵک و پێشتر لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى رۆژهه‌ڵات هۆشداریان له‌وه‌ که‌ ئه‌و گروپانه‌ مه‌ترسین له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار