په‌که‌که‌: گه‌ریلا به‌ تاکتیکى خۆى توانى مه‌ترسیى فڕۆکه‌ى بێفرۆکه‌وان نه‌هێڵێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل (نه‌به‌گه‌)رایگه‌یاند، له‌ساڵى 2021 دا تورکیا دوو هه‌زار و 461 هێرشى ئاسمانیى و زه‌مینى بۆ سه‌ر گه‌ریلاکانیان ئه‌نجامداوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا گه‌ریلاکانیان 742 چالاکییان ئه‌نجامداوه‌ و 861 سه‌ربازى سوپاى تورکیا کوژراون و ئه‌وه‌ش راگه‌یه‌ندراوه‌ که‌" گه‌ریلا به‌ تاکتیکى خۆى توانى مه‌ترسیى فڕۆکه‌ى بێفرۆکه‌وان نه‌هێڵێت".

فه‌رمانده‌یى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل، که‌ فه‌رمانده‌یى سه‌رجه‌م هێزه‌کانى په‌که‌که‌یه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا، ئامارى ساڵى 2021ى شه‌ر و چالاکى گه‌ریلاکانى دژ به‌ سوپاى تورکیا بڵاوکرده‌وه‌.
له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌: په‌که‌که‌ به‌ سه‌رکه‌وتنى گاره‌ ساڵى نوێى ده‌ستپێکرد و توانى له‌ ساڵى 2021دا ئاستى گه‌ریلاى سه‌رده‌م بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێکى به‌رچاو.

هه‌روه‌ها نه‌په‌گه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ سوپاى تورکیا له‌ ساڵى 2021هه‌موو ته‌کنیکه‌کانى به‌رده‌ستى خۆى به‌کارهێنا، به‌ڵام نه‌یتوانى سه‌رکه‌وتووبێت،" ته‌نانه‌ت گه‌ریلا به‌ تاکتیکى خۆى توانى مه‌ترسیى فڕۆکه‌ى بێفرۆکه‌وانیش نه‌هێڵێت".

هاوکات ئه‌وه‌شى باسکردووه‌ که‌" سوپاى تورکیا به‌هۆى شکستى به‌رامبه‌ر به‌رخۆدانى گه‌ریلا، ده‌ستى برد بۆ به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایی، به‌وهۆیه‌وه‌ 40 گه‌ریلا شه‌هیدبوون".

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى بڕیارگه‌ى نه‌په‌گه‌دا هاتووه‌:" ده‌وڵه‌تى تورکیا له‌ 23ى نیسان له‌ناوچه‌کانى زاپ، ئاڤاشین و مه‌تینا ده‌ستى به‌ هێرشێکى فراوانى داگیرکاریى کرد، به‌ڵام گه‌ریلاکان به‌رخۆدانێکى مێژووییان به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ کرد و پیلانه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا و هه‌ندێک هێزى نێوده‌وڵه‌تیى و هاوکاره‌ خۆجێیه‌کانیشیانى تێکدا.
به‌پێى ئاماره‌که‌ى نه‌په‌گه‌، ساڵى 2021ى تورکیا دوو هه‌زار و 461 هێرشى ئاسمانیى و زه‌مینى ئه‌نجامداوه‌، که‌ 367 هێرشیان کیمیایى بوون، له‌ به‌رامبه‌ردا گه‌ریلاکان 742 چالاکیى ئه‌نجامداوه‌ و 861 سه‌ربازى تورکیا کوژراون.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار