هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، لایەنەكانی كردە دووبەرەی دژ یەك
هەماهەنگی شیعەكان ناڕازین و پارتی و سەدر و حەلبوسی پێشوازی لێدەكەن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق سوننەكان و پارتی و سەدر پێشوازییان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كرد و ئەمریكاش پشتیوانی كردن، بەڵام هەماهەنگی شیعەكان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نارەزایەتییان پیشاندا.
هەماهەنگی شیعەكان كە لەكوتلەی مالكی و هادی عامری و حەكیم و عەبادی و غەزعەلی پێكهاتوون ڕایگەیاند، دان بەو هەڵبژاردنەدا نانێن كە لە پەرلەمان بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا چونكە بەوتەی ئەوان دەبوو بەتەمەنترین پەرلەمانتار كۆبوونەوەكەی بەڕێوەببردایە.
دوای ئەوەی دوێنێ 9ی كانونی دووەمی 2021 مەحمود مەشهەدانی وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار وەك سەرۆكی كاتی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەرێوە دەبرد، بەڵام بەهۆی شەری نێوان كوتلەی سەدرو چێوەی هەماهەنگی شیعەكان دۆخی تەندروستی تێكچوو، دواتر كۆبونەوەی پەرلەمان بەردەوامی پێدرا، سەرەرای نارەزایی مالكی وهادی عامری.
دوای نزیكەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ یەكشەممە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، محەممەد حەلبووسی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، حاكم زاملی وەكو جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵا وەكو جێگری دووەم هەڵبژێردران.
محەممەد حەلبووسی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند:" كاروانێكی دورودرێژ لە بەردەممانە، عێراقییەكان چاوەڕێی زۆرمان لێدەكەن، دۆخەكە پێویستی بە كاركردنی بەردەوام و راستكردنەوەی زۆر رێچكە لە كاری سیاسییە، خەڵك متمانەی زۆری بە پرۆسەی سیاسی نەماوە، ئێستا بەرپرسیارێتیی گەورەمان لە ئەستۆدایە بۆئەوەی ئەو متمانەیە بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێنینەوە".
هەروەها درەنگانی شەوی رابردوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەدوای هەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی بە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی، لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" یەكەمین موژدەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكەم بۆ ئەم هەنگاوە كە هەنگاوی یەكەمە بەرەو بونیادنانی عێراقێكی ئازاد و سەربەخۆ، بەبێ پاشكۆیەتی و تایفیەت و گەندەڵی".
پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە كە ئەم هەنگاوەی بە دەستپێكێكی زۆر باش وەسف كرد بۆ راستەڕێكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق.
لە پەیامەكەیدا مەسعود بارزانی دەشڵێت:" بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە و تێپەڕاندنی تەحەددیات و لێكتێنەگەییشتنەكان.
هاوكات، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی كانونی دووەمی 2021، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كەئەمریكا پێشوازی لە كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، بە بەشێك لەدیموكراسی و سەروەری نیشتیمانی ناوی دەبات.
لەبەرانبەردا، چێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە لەبەرەی مالكی و هادی عامری وغەزعەلی و حەكیم و عەبادی و چەندین كەسایەتی دیكە پێكدێن، رەخنەی توندیان ئاراستەیا دانیشتنی دوێنێ پەرلەمان كرد و دەڵێن سكاڵا دەبەنە دادگای فیدراڵی.
هاوكات، فراكسیۆنی یەكێتی كە خاوەنی 19 كورسی پەرلەمان بوون دەنگیان بەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەداو دانیشتنەكەیان بەجێهێشت.
چێوەی هەماهەنگی شیعەكان 88 كورسیان كۆكردووەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق و داوای حكومەتی تەوافوقی دەكەن، لەبەرانبەردا موقتەدا سەدر بەهاوكاری حەلبوسی و پارتی كە كوردسیاكانیان دەگاتە 130 كورسی باسی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكەن.