دادگای فیدراڵی عێراق كارەكانی سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقی هەڵپەسارد

"دوو پەرلەمانتار سكاڵایان لەسەر دانیشتنەكە تۆماركردووە"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا، كارەكانی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەكی كاتیی هەڵپەسێردرێت، ئەویش بەهۆی بوونی سكاڵایەك لەسەر دانیشتنەكە.

دادگای فیدڕاڵی عیراق لەڕاگەیەنراوێكدا، كە واژۆی هەر نۆ ئەندامی سەرەكیی دادگاكەی لەسەره ڕایگەیاند: دادگای فیدڕاڵیی بڕیاریداوە كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە ڕۆژی یەكشەممە هەڵبژێردران هەڵپەسێردرێت، ئەویش لەسەر سكاڵایەكی هەردوو پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی و باسم خەزعەل، كە لەسەر ڕوداوەكانی ناو كۆبوونەوەكە تۆماریان كردبوو.

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش نووسراوە، ئەو دوو پەرلەمانتارە سكاڵایان لەسەر محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی تۆماركردووە و پارێزەرەكانیان باس لەوە دەكەن لە كۆبوونەوەكەدا پێشێلكاریی یاسایی و دەستووریی ڕوویداوە. ڕۆژی نۆی ئەم مانگە، خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتیی مەحمود مەشهەدانی، بەتەمەنترین پەرلەمانتار دەستپێكرد، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا كۆبونەوەكە بۆ ماوەیەك ڕابگیرێت، ئەوەش ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێكەوتەوە و دۆخی مەحمود مەشهەدانیش تێكچوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە.

دواتر بە سەرۆكایەتیی دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار كۆبوونەوە دەستیپێكردەوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە ڕێككەوتنێكی سەدرییەكان، پارتی و تەقەدوم و عەزم، هەڵبژێردران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار