روسیا سڵ ناکاتەوەو سوورە لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا

مۆسکۆ نە بەهەڕەشە، نە بەسزادانی ئەمریکا ناکشێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

رووبەڕووبونەوەی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و رووسیا بووەتە ئەگەرێکی نزیک دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوانیان لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا و واشنتن سزای ئامادە کردووە بۆ سەپاندنی بەسەر بەرپرسە گەورەکاندا کە ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیاشی تیدایەو مۆسکۆش زیاتر خۆی ئامادە دەکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بە ناردنی سەربازی زیاترو دروستکردنی پاساو بۆ داگیرکارییەکەی.

رووسیا نەک هەر لەڕووی سەربازییەوە بەڵکو لەڕێگەی ئەلکترۆنیشەوە ئۆکرانیای هەراسانکردووە و نزیکەی ٧٠ وێبسایتی حکومەتی ئۆکرانیای هاککردو دواتریش نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ بەجێهێشتن و تێیدا نووسیویەتی «چاوەڕێی خراپتر بکەن».

ئیدارەی بایدن باس لەوە دەکات رووسیا بەنیازی دروستکردنی کردەوەیەکی چەکدارییە لەئۆکرانیا تا بیکاتە بیانوو وڵاتەکە لەماوەی مانگێکدا داگیر بکات، چەند بەرپرسێکی ئەمریکاش دەڵێن واشنتن بەنیازە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا پڕچەک بکات بۆ رووبەڕووبونەوەی هێرشی سەربازانی رووسیا.

دروستکردنی پاساو بۆ داگیرکاری

هەفتەی رابردوو گفتوگۆکانی رووسیا لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی ناتۆو ئەوروپا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئۆکرانیا بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان نەبوو، بەرپرسانی هەردوولاش رایانگەیاند جیاوازییان زۆرە لەسەر بابەتەکان.

کۆبوونەوەکان بەمەبەستی هێورکردنەوەی قەیرانی ئۆکرانیا بوو کە ماوەی دوو مانگە رووسیا زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی لە نزیک ئۆکرانیا جێگیرکردووەو وڵاتانی ناتۆ دەڵێن مۆسکۆ بەنیازی داگیرکردنی وڵاتەکەیە، بەڵام بەرپرسانی رووسیا ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵین تەنها گرەنتی ئاسایشیان لە ناتۆ دەوێت و نایانەوێت هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەتایبەتی ئۆکرانیا، وەک ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ وەربگیرێن، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان بەوپێیەی چەک و مووشەکی رێکخراوەکە لەئۆکرانیا جێگر دەکرێت.

بەڵام وێندی شێرمن، نوێنەری ئەمریکا لەدانوستانەکان، ئەوەی خستەڕوو کە «بەڕاشکاوی بە رووسیامان وت ئێمە ناتوانین رازی بین لەسەر ئەوەی ناتۆ فراوان نەبێت، ئەمریکاو هاوپەیمانانی ناتۆ بێ چەند و چوون ئەوەمان روونکردەوە کە دەرگای بەئەندامبوونی ناتۆ لەسەر هیچ وڵاتێک داناخەین، ئەوەش سیاسەتێکە کە چەقی رێکخراوەکەیەو گرنگە بۆ هاوپەیمانی ناتۆ».

بەرپرسانی رووسیا دوای کۆبوونەوەکان ئەوەیان نەشاردەوە کە ئەگەر رێگەی دیبلۆماسی سەرنەگرێت ئەوا هەوڵی بەکارهێنانی رێگەی سەربازی دەدەن. ئەلیکزاندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، دوای کۆبوونەوەکان وتی بە نوێنەرانی ناتۆی راگەیاندووە کە «خراپتربوونی دۆخەکە رەنگە سەربکێشێت بۆ چاوەڕواننەکراوترین و سەختترین دەرئەنجام بۆ ئاسایشی ئەوروپا».

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە قسەکانی گروشکۆ بەجۆرێک لەجۆرەکان پشتڕاستکرانەوە کاتێک جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فێڵێکی رووسیایان ئاشکرا کردووە کە لەهەوڵدایە کردەوەیەکی چەکداری لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا ئەنجامبدات کە دژبەرانی حکومەتی وڵاتەکەی تێدایە، بۆ ئەوەی بیخاتە ئەستۆی حکومەتی ئۆکرایناو بەو پاساوە هێرش بکاتە سەریان.

جۆن کێربی وتیشی، «ئێمە پێشتر ئەم یاریکردنەمان بینیوە، بە دیاریکراوی لە ٢٠١٤، ئەو دەمەی رووسیا کریمیای داگیرکرد. ئێستاش زانیاریمان هەیە پیشانی دەدەن رووسیا بەدوای پاساوێکە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا. رووسیا بەنیازە گرووپێكی چەکدار دروستبکات وا دەرکەوێت کە هێرش دەکاتەسەر ئۆکراینییەکانی دانیشتووی رۆژهەڵاتی وڵات تاوەکو بەبیانووی ئەوەوە هێز بباتە نێو خاکی ئۆکراینا».

هاوکات جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند «رووسیا چەکداری هەیە کە راهێنراون بۆ شەڕی ناو شارو تەقەمەنی بەکاردەهێنن» بۆ ئەنجامدانی کردەوەی هەراسانکردن دژی هێزە وەکیلەکانی خۆی.

ساکی وتیشی، ئەم هەوڵەی بۆ ئەوەیە هێزەکانی خۆی دژی یەک بوەستنەوە و ببێتە بیانوو، لە ئیستاشدا رووسیا «ئامادەیی دەکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا و لەهەمانکاتیشدا ئەم پاساوەی ساختە دەکات بۆ داگیرکارارییەکە».

«پلانەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەوانە چەند هەفتەیەک پێش داگیرکارییەکە ئەنجام دەدرێت کە رەنگە لەناوەڕاستی مانگی یەک بۆ ناوەراستی مانگی دوو رووبدات، ئەمەش بەپیی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا»، ساکی وای وت.

لەوەڵامدانەوەی ئەم وتانەی وتەبێژەکانی ئیدارەی بایدن، دیمتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کریملین رایگەیاند ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن رووسیا بەنیازی کارێکی لەو جۆرە بێت بێ بەڵگەن و بە «هیچ شتێک نەسەلمێنراون». هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، وتەکانی وتەبێژەکانی ئەمریکای رەتکردەوەو بە «هەواڵی ساختە» ناوی بردن.

بەڵام  وتەکانی جۆن کیربی و جێن ساکی زیاتر بوونە بەڵگە کاتێك لە یەکشەممەی رابردوودا تیمی هەواڵگری ململانێ، کە گروپێکە چاودێری جموجوڵەکانی سوپای رووسیا دەکات، ئاشکرایکرد سەربازی زیاتری رووسی و کەلوپەلی سەربازیی زیاتر لە رۆژهەڵاتی رووسیاوە جووڵەیان کردووە بۆ رۆژئاوای رووسیا، واتە سنوری ئۆکرانیا.

لەلایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێستاو بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ئەوەیان بۆ ئێن بی سی نیوز پشتڕاستکردووەتەوە کە ئیدارەی بایدن بەنیازە چەکدارە گەریلاکانی ناو ئۆکرانیا پڕچەک بکات کە شەڕێکی گەریلایی دەکەن دژی هێزەکانی رووسیا ئەگەر مۆسکۆ ئۆکرانیا داگیربکات و شەڕ هەڵبگیرسێنێت، ئەمەش دەبێتە رووبەڕووبونەوەیەکی ناڕاستەوخۆی رووسیاو ئەمریکا لەئەوروپا.

سزادانی ڤلادمیر پوتین

وڵاتانی رۆژئاوا چەندین جار هەڕەشەی تووندیان لە ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، کردووە کە لەحاڵەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە و باجێکی قورس دەدات، بەڵام هەموو ئەمانە پوتینی نەوەستاندووەو سوورە لەسەر ئەوەی گەرەنتی ئاسایشی پێ بدرێت.

لەئێستادا ئەمریکا و بەشێک لەشیکەرەوانی سەربازی و سیاسی نیگەرانن لەوەی رووسیا تەنها بۆ مەرامێک بەشداری لەدانوستانەکان کردبێت، ئەویش ئەوەیە کە گفتوگۆکان شکست بهێنن و ئەمەش وابکات بڵێت هیچ رێگەچارەیەکی تری نەماوە جگە لەبەکارهێنانی هێز دوای ئەوەی کە رێگەی دیبلۆماسی شکستیهێناوە.

لەدوایین هەوڵدا بۆ گرتنی جڵەوی پوتین و جارێکی تر ترساندنەوەی، کۆمەڵێک ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە بۆ سزا خستنەسەر سەر پوتین و چەند بەرپرسێکی باڵای تر لەوانە میخائێل میشوستین، سەرۆک وەزیرانی رووسیا، و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا.

پرۆژەیاساکە لەلایەن کۆشکی سپییەوە پشتگیری دەکرێت و بەتایبەتی سەرۆکی رووسیا بەئامانج دەگرێت کە تێیدا گەشتی لێ قەدەغەدەکرێت و دەست بەسەر هەرچی موڵک و سامانیدا دەگیرێت کە بەناوی خۆی یان ناوی ئەندامانی خێزانەکەیەوە هەیەتی لەوڵاتانی رۆژائاوادا. سزا خستنەسەر سەر بەرپرسە باڵاکان زۆر دەگمەنە، بەڵام ئەمریکا ئەمە دەکات لەپێناوی وەستاندنی پوتیندا.

پرۆژەیاسایەکە، کە ناوی «پرۆژەیاسای بەرگریکردن لەسەروەریی ئۆکرانیا»یە، ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریش دابین دەکات لەشێوەی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا تاوڵاتەکە بتوانێت رووبەڕووی داگیرکاری مۆسکۆ ببێتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ لەوەڵامی پرۆژەیاساکەدا رایگەیاند سزا خستنەسەر پوتین «رێکارێکی پەڕگیرانەیە» و «یەکسانە بە لەناوبردنی پەیوەندییەکانی» هەردوو وڵات، وتیشی «رووسیا هەمیشە ئەو کارە دەکات کە لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیدایە».

‹بترسن و چاوەڕێی خراپتر بکەن›

رووسیا نەک هەر بەهێزی سەربازی بەڵکو لەڕێی هاککردنەوە هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووەو وڵاتەکەی هەراسان کردووە.

بەپێی داتاکانی حکومەتی ئۆکرانیا، ٧٠ پێگەو وێبسایتی وڵاتەکە کەوتوونەتە بەر هێرشێکی هاککەران. هاککەرەکان نامەیەکیان بەجێهێشت لەسەر وێبسایتەکان کە تێێدا ئاماژەیان بەوەکرد چەندین داتای حکومەتییان لەناوبردووەو لەئینتەرنێتدا بڵاویان کردووەتەوە، بەڵام حکومەتی ئۆکرانیا دەڵیت ئەوە رووینەداوە.

لەیەکشەممەی رابردوودا وەزارەتی بەرەوپێشبردنی سیستەمی دیجیتاڵی ئۆکرانیا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، «هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەدەن رووسیا لەپشتی هێرشە ئەلکترۆنییەکەوە بووە».

پێشتریش کۆمپانیای مایکۆرسۆفت رایگەیاندبوو کۆمەڵێک سیستەمی کۆمپیوتەری لەچەند دەزگایەکی حکومی ئۆکرانیا کەوتوونەتە بەر هێرشێکی هاککردنەوە. ئەمە یەکمەجار نییە رووسیا هێرشی ئەلکترۆنی دەکاتە سەر ئۆکرانیاو لەساڵی ٢٠١٧دا هێرشێکی گەورەی کردە سەر وڵاتەکە کە زیانەکەی ١٠ ملیار دۆلار بوو.

لەهێرشە ئەلکترۆنییەکەی هەفتەی رابردوودا، هاککەرەکان بۆ ماوەیەک وێبسایتەکانیان پەکخست و لە نامەکەشیاندا ئەم رستەیەیان بەجێهێشتبوو: «بترسن و چاوەڕێی خراپتر بکەن».

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار