نوێترین زانیاری لەسەر زیندانی غوێران لەحەسەكە و هەوڵی كۆنترۆڵكردنی

وتەبێژی یەپەگە: بەشێكی زۆری زیندانەكە كۆنترۆڵكراوەتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرپرسی یەكینەكانی پاراستنی گەل ڕەتیدەكاتەوە داعش كۆنترۆڵی زیندانی غوێرانی لەدەستدا بێت وەك هەندێك میدیا بڵاویانكردووەتەوە، دەشڵێت هێشتا زیندانەكە بەشێكی لەژێر دەسەڵاتی هێزە كوردیەكاندایە. لەشەوی پێنجشەممەوە چەند چەكدارێكی داعش هێرشیان كردەسەر زیندانی غوێران لە حەسەی ڕۆژئاوای كوردستان كە نزیكەی پێنج هەزار ئەندام ولایەنگری داعشی تێدا زیندانیكراون.

سیامەند عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە بە سكای نیوزی وتووە: هێزە كوردیەكان توانیویانە جگە لەرێگەی سەرەكی ناو زیندانەكە بەشێكی زیندانەكەش كۆنترۆڵ بكەنەوە. وتیشی: لەشەوی یەكەمی هێرشەكەدا هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش هەوڵیانداوە دەرگای سەرەكی زیندانەكە تێكبشكێنن بەڵام لەلایەن پاسەوانانی زیندانەكەوە ڕێگری لێكراوە.

وەك وتەبێژەكەی یەپەگە باسیكردووە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو دوای تەقینەوەی یەكەم هەوڵیداوە لەدەرگای دووەمی زیندانەكەوە بچێتە ناوەوە بەڵام هێزەكانی هەسەدە توانیویانە بیوەستێنن و چەكدارەكانی ناوی بكوژن.

بەرپرسەكەی یەپەگە دەشڵێت: هێزە كوردیەكان توانیویانە سەرجەم پەرژینەكانی زیندانەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە و ئەمڕۆش تۆپهاوێژ بۆ كۆنترۆڵكردنی زیندانەكە دەست بە بەكارهێنانی كراوە. لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەواڵێكی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەپێكدادانی نێوان هێزە كوردیەكان و چەكدارانی داعش لەزیندانی غوێران و دەوروبەری 102 كەس كوژراون كە حەوتیان مەدەنیین.

بەوتەی ڕوانگەی سوریا لەوانەی كوژراون 61 یان چەكداری داعش بوون و 34 یان ئەندامی هێزە كوردیەكان بوون و ژمارەیەكی زۆریش لەهەردوولا برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار