نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ وەزیری دادی لوبنان دۆخی دادگاكان تاوتوێدەكات

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ وەفدێكی دادوەری لوبنانی كۆبووە و دۆخی دادگاكانی هەرێم و عێراق تاوتێكران.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 24ی كانوونی دووه‌می 2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌  دادوه‌ر هنرى خوورى، وه‌زيرى دادى لوبنانى و  وەفدێكی ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى لوبنان، ياريده‌ده‌ر‌ى ئه‌منيدارى گشتي كۆمكارى عه‌ره‌بى و ژماره‌يه‌ك له‌ ڕاوێژكاران پێكهاتبوو و به‌ بانگهێشتێك بۆ به‌شدارى له‌ يادى ڕۆژى دادوه‌ريى عيراقدا، سه‌ردانى به‌غدايان كردبوو.

له‌ ديدارێكدا وه‌زيرى دادى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، تيشك خرايه‌ سه‌ر سيستم و دۆخى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان و لێكچوونيان له‌ لوبنان و عيراق و هه‌رێمى كوردستان و بوارى هاريكاريى نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى لوبنان و عيراق و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى يه‌كتر خرايه‌ به‌ر باس، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ گرنگيى سه‌ربه‌خۆيي ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كرايه‌وه و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ سه‌ربه‌خۆيي دادوه‌رى بنه‌ماى ده‌وڵه‌تدارييه‌.

دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئه‌منى له‌ عيراق و لوبنان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

له‌مباره‌يه‌وه‌وەفدى لوبنانى پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى لوبنان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئێستاى ئابووريى وڵاته‌كه‌ و قه‌يرانه‌كان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها باسيان له‌ ده‌سپێشخه‌رييه‌كى كۆمكارى عه‌ره‌بى بۆ پشتيوانيى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى لوبنانى له‌ دۆخى ئێستايدا كرد. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى وەفدەكه‌ى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و هيواى خواست هاريكاريى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لوبنان له‌ بوارى دادوه‌ريدا پته‌وتر بكرێت و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ڕه‌وه‌ندى لوبنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد به‌تايبه‌تيش له‌ بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى و بانكداريدا.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و لوبنان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار