دادگای فیدراڵی: لیژنەیەی كازمی نادەستورییە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند:" لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی لە عێراق، کە فەریق ئەحمەد ئەبو رغیف، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، نادەستوورییە".
بەپێی دەقی بڕیارەکە کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاویکردەوە، دادگەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 02-03-2022، سەبارەت بە بڕیاردان لە سکاڵایەک کە دژی پێکهێنانی لیژنەکە تۆمارکراوە، دانیشت و رایگەیاند: "فەرمانی دیوانیی ژمارە (29)ی ساڵی 2020 کە تایبەتە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ لێكۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی و تاوانە گەورەکان دروست نییە، بۆیە لیژنەکەمان هەڵوەشاندەوە، ئەم بڕیارەش لە رێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت، چونکە پێکهێنانی ئەو لیژنەیە پێچەوانەی بڕگەی یەکەمی ماددەی 37 و دەقی ماددەکانی 47 و 87 و 88ی دەستوورە، کە پاراستنی ئازادی و شکۆی مرۆڤ و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکدی و سەربەخۆیی دادگەیان مسۆگەر کردووە".
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق راشیگەیاند: "پێکهێنانی ئەو لیژنەیە وەکو هەموارکردنی یاسای دەستەی دەستپاکییە کە دەستەیەکی دەستوورییە تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی".
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی هەشتی ساڵی 2020دا لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەبو رغیف پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە و ئەندامێتی چەند ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای دژەتیرۆر، لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتێکی زۆری پێدا، کازمی هەروەها دەزگای دژەتیرۆری عێراقی راسپارد بڕیارەکانی لیژنەکە بە رەزامەندی دادگە جێبەجێ بکات، بۆیە تاوەکو ئێستا بە راسپاردەی لیژنەکەی ئەحمەد ئەبو رغیف چەندین بەرپرسی ئێستا و پێشووی عێراق بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون.