ئەمریکا وەڵامدانەوەی روداوە ئەتۆمییەکان چالاک دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری وزەی ئەمریکا لە تویتەر رایگەیاند، لەبارەی کەوتنەوەی ئاگر لەنزیک وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، قسەی لەگەڵ وەزیری وزەی ئۆکراینا کردووە و بڕیاریداوە کە "تیمی وەڵامدانەوەی رووداوە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا" چالاک بکات.
جێنیفەر گرانهۆڵم، وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای رووسیا لەنزیک وێستگە ئەتۆمییەکە بێباکانەیە و پێویستە بوەستێندرێت".
بە وتەی جێنیفەر گرانهۆڵم، "ریاکتۆرەکانی (کارلێکەرە ئەتۆمییەکان) بە پێکهاتەی بەهێز پارێزراون و بەشێوەیەکی سەلامەت کوژێندراونەتەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەینی 04-03-2022 لەنزیک وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپایە، ئاگر کەوتەوە. ئاگرەکە لە باڵەخانەیەکی نزیک وێستگەکە بووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونە شوێنی رووداوەکە و دوای چەند کاژێرێک کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان راگەیاند.
لەدوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رووسیای تۆمەتبارکردووە بە "تیرۆری ئەتۆمی" و ویستی "دووبارەکردنەوەی" کارەساتی چێرنۆبیل.