وەزارەتی شارەوانی: قۆناغی سێیەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر دەستپێدەكاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاررایگەیاند:" لەگەڵ کۆمپانیای هێمن گروپ گرێبەستی پرۆژەی قۆناغی سێیەمی شەقامی 150 مەتری بازنەیی خێرا لە شاری هەولێر واژۆ کرا".

ئەمرۆ پێنجشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ گرێبەستی قۆناغێکی دیکەی پڕۆژەی 150 مەتری هەولێر واژۆ کرا، پڕۆکە تەواوکەری دوو قۆناغی دیکەی 150 مەترییە، دەبێتە پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و کوردستان".

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاتر روونکردنەوەی داوە و دەڵێت، پڕۆژەی شەقامی بازنەیی خێرای 150 مەتری نێوان هەولێر – بەحرکە، هەتا رێگای هەولێر – دهۆک، دەگرێتەوە، درێژییەکەی 6.1 کیلۆمەترە، بە پانی 8 مەتر قیر دەبێت، رێگاکە دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە کە دوو پردی گەورە لە خۆ دەگرێت، هەروەها دوو ئەندەرپاس پردی سوڕانەوەی تێدایە لەگەڵ 13 ئاوبەری سندووقی جۆراوجۆر.

هەروەها رێگاکی سەرەکی بە پانی 19.5 بۆ هەر ئاراستەیەک و دوورگەی ناوەند 20 مەتر و رێگای خزمەتگوزاری بۆ بەشێکی رێگاکە بە دوو ئاراستەیە بە پانی گشتی 24 مەتر و بۆ بەشەکەی تر یەک ئاراستەیە بە پانی 19 مەتر. هەروەها رێگاکە هەموو پێکهاتەکانی دیکەی رێگا وەک سیستمی ئاوەڕۆ بە درێژی نزیکەی 40 کیلۆمەتر دەبێت، بە پەرژینی خۆپاراستن بە درێژی 35 کیلۆمەتر، تۆڕی رووناکی، هێماکانی هاتووچۆ و هێڵکاری رێگا لە خۆ دەگرێت.

سەبارەت بە تێچووی پرۆژەکە ئەماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە بە گوژمەی 95 ملیۆن دۆلار بە ماوەی 550 رۆژ جێبەجێ دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار