سەرۆکی هەرێم: رێككەوتنی 11ی ئازار بووه‌ هۆى ناساندنى دۆزى گه‌لى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جيهان

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"  رێككەوتنی 11ی ئازار بووه‌ هۆى ناساندنى دۆزى گه‌لى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جيهان و بنه‌مايه‌ك بۆ ده‌ستكه‌و‌ته‌كانى دواترى له‌ راپه‌ڕين و دامه‌زراندنى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەرۆژی ساڵیادی رێككەوتنی 11ی ئازار، پەیامێكی بلاوكردەوە و رایگەیاند:" بووه‌ هۆى ناساندنى دۆزى گه‌لى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جيهان و بنه‌مايه‌ك بۆ ده‌ستكه‌و‌ته‌كانى دواترى له‌ راپه‌ڕين و دامه‌زراندنى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتنەکە بە دەستکەوتێکی مێژوویی باسدەکات و دەڵێت، "رێككه‌وتنى 11ى ئازار گرنگترين ده‌ستكه‌وتى مێژووى نوێى تێكۆشانى ئازاديخوازيى گه‌لى كوردستانه‌ كه‌ بووه‌ يه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى ياسايى و دانپێدانان به‌ مافه‌ ره‌واكانى". 

هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە، "هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق دواتر له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ په‌شيمان بووه‌وه‌، به‌ڵام بووه‌ هۆى ناساندنى دۆزى گه‌لى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جيهان و بنه‌مايه‌ك بۆ ده‌ستكه‌و‌ته‌كانى دواترى له‌ راپه‌ڕين و دامه‌زراندنى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان."

ئەمڕۆ 52 ساڵ بەسەر رێککەوتنی 11ـی ئادار تێدەپەڕێت، رێککەوتنەکە لە نێوان حکومەتی ئەوکاتی عێراق و مەلا مستەفا بارزانی، واژۆکرا. یەکەمجار بوو حکومەتی عێراق دان بە مافەکانی کورد دابنێ. هەر بەپێی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو لە رێگەی سەرژمێریی گشتییەوە، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاریبکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداریی حکومەتی عێراق بکات.

بەهۆی یەکلانەبوونەوەی پرسی کەرکووک و داواکردنی پشکی نەوتی ئەو شارە بۆ کورد لە لایەن مستەفا بارزانی، حکومەتی عێراق ئەو داوایەی بە راگەیاندنی شەڕ ناوزەدکرد و لە ساڵی 1974، تاکلایەنە بڕیاری ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان دا، بەبێ ئەوەی ئەو ناوچەی ئۆتۆنۆمییە، شاری کەرکووک و قەزاکانی خانەقین و شنگال بگرێتەوە.

حکومەتی عێراق لە پیلانەکانی دژی گەلی کورد بەردەوامبوو، لە ساڵی 1975 رێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران واژۆکرد، کە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە، بەغدا رازیبوو جارێکی دیکە سنووری نێوان عێراق و ئێران دەستکاری بکرێتەوە، بەو مەرجەی چیدیکە تاران پشتیوانیی شۆڕشی کورد لە عێراق نەکات، بەمەش رێککەوتنی 11ـی ئادار کۆتایی هات.

لە بەشێكی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ده‌بێ هه‌موومان له‌ عێراق په‌ند له‌و وانه‌يه‌ وه‌ربگرين و به‌ پاراستنى فيدراليزم و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانمان دابين بكه‌ين".

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "له‌م ياده‌دا سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدانى كوردستان ده‌نێرين و به‌ شكۆوه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌. با ئه‌م ياده‌ بكه‌ينه‌ هانده‌رى پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى گه‌لى كوردستان كه‌ ئه‌وساش سه‌ركه‌وتن و رێككه‌وتنى 11ى ئازارى لێكه‌وته‌وه‌، هه‌ر به‌وه‌ش ده‌توانين مافه‌كان و ئێستا و داهاتووى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان بپارێزين".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار