پێشمەرگە و سوپای عێراق مەشق و راهێنانی هاوبەش دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەردوو وەزیری بەرگری عێراق و پێشمەرگە لە سلێمانی کۆبوونەوە و رایانگەیاند:" هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت بەردەوام دەبێت لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، عێراق. 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی جومعە عناد سەعدون، وەزیری بەرگری عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "هەردوولا دووپاتی پتەوکردنی زیاتری هەماهەنگییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان کردەوە لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و عێراق و ناوچەکە."

هەروەها وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی سەردانەکە لەراگەیێنراوێکدا رایگەیاندووە: "هەردوولا باسیان لە رێگەکانی ئاڵوگۆڕی و گەشەپێدانی زانیارییە زانسییەکانی پەیوەست بە پرۆگرامەکانی خوێندن لە کۆلێژی سەربازیی قەلاچوالان کرد، لەگەڵ ئەنجامدانی مەشق و راهێنانی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووە."

ئەوەش هاتووە، لەدیدارێکدا، کە لیوا روکن بەختیار محەمەد راوێژکاری باڵای وەزارەت، ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا کراوە لەوانەش پرسی کولێژە سەربازییەکان، بەرەو پێشبردنی ئاستی زانستی ئەو ناوەندە سەربازییانە و ئەنجام دانی مەشقی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەیەکەوە، بەشێکی تری گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو. 

بەپێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەساڵی 2021 بڕیار لەدروستکردنی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دران کە راهێنان و پڕچەککردن و مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دەبێت و لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاوەیان پێدەکرێت کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و داعش بۆ هێرشەکانی دەیقۆزێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار