ئەڵمانیا و فەرەنسا داوایەكی بەپەلە بە پوتن دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆكی ئەڵمانیا و فەرەنسا پەیوەندییەكی تەلەفونیان ئەنجامداوە و داوا لە سەرۆكی روسیا دەكەن دەستبەجێ جەنگ رابگرێت و دەست بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ناکۆکییەکە بکرێت.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا داوایان لە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا کردووە دەستبەجێ شەڕ رابگرێت و دەست بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ناکۆکییەکە بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 12-03-2022 ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا 75 خولەک لەبارەی دۆخی ئۆکراینا قسەیان کردووە.
لەبارەی پەیوەندییەکەوە، کۆشکی کرێملین دەڵێت، سەرۆکی روسیا رایگەیاندووە، سوپای ئۆکرانیا چەکی قورسی لە نزیک نەخۆشخانە، قوتابخانە و باخچەی ساوایان جێگیرکردووە، هەروەها پووتین سوپای ئۆکرانیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە خەڵکی ناڕازی لەسێدارە دەدات و "خەڵکی مەدەنی بە بارمتە دەگرێت و وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت".
هەروەها کرێملین دەڵێت، پوتن رەخنەی تووندی لە "پێشێلکاریی زەقی" یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییەکان لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە گرتووە.
