تورکیا: هاوکاریی عێراق دەكەین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی دەستەی پیشەسازی بەرگریی تورکیا رایگەیاند:" لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا هاوکاریی عێراق دەكەین".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کارەکانی دووەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ئیسماعیل دەمیر، سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، کۆبووەوە.
لە راگەیێندراوی وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دراوە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەرەدان بە هاوئاهەنگیی سەربازیی لە نێوان هەردوو وڵات و هەنگاوەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی پشتیوانییەکان بۆ عێراق لە قۆناغی دوای داعشدا، کراوە.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە بەرهەم و تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکان لە بواری پیشەسازیی بەرگری و چۆنیەتی هەماهەنگیی لەنێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان لە داهاتوودا کراوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ پشکداریی لە پەرەپێدانی پیشەسازیی بەرگری و رایگەیاندووە ئەوان ئامادەن بۆ هاوکاریی و هاوئاهەنگیی لەم بوارەدا و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
