مەسعود بارزانی: هێرشەکە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەسعود بارزانی دەڵێت:" هێرشەکە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی "بە درۆ و چەواشەکاریی ناحەزانیش حەقیقەت و نیەتی پەلاماردەران پەردەپۆش ناکرێت."
مەسعود بارزانی لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە تووندی سەرکۆنەی دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە هێرشەکە"تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی. بە درۆ و چەواشەکاریی ناحەزانیش حەقیقەت و نیەتی پەلاماردەران پەردەپۆش ناکرێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا مەسعود بارزانی جەخت دەکاتەوە کە "هەروەکچۆن هەولێر لەبەرانبەر هۆلاکۆ کۆنەکان خۆڕاگر بوو لەبەرانبەر هۆلاکۆ تازەکانیش خۆڕاگر دەبێت و ناچەمێت."
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە چەند موشەکێک ئاراستەی هەولێ کران، هێرشە مووشەکییەکە تەنیا زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بە توندی ئیدانەی پەلاماری ترسنۆکانەی شەوی رابردووی سەر هەولێر دەکەین و، ئەوە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی.
بە درۆ و چەواشەکاریی ناحەزانیش حەقیقەت و نیەتی پەلاماردەران پەردەپۆش ناکرێت.
جەختیش دەکەینەوە هەروەکچۆن هەولێر لەبەرانبەر هۆلاکۆ کۆنەکان خۆڕاگر بوو لەبەرانبەر هۆلاکۆ تازەکانیش خۆڕاگر دەبێت و ناچەمێت.
داوا لە گەلی کوردستانیش دەکەم لە بەرانبەر ئەو هەڕەشە و پەلامارانەدا خۆڕاگر بن.
مسعود بارزانی
۱۳ـی ئاداری ۲٠۲۲
