بانکی هەرێم بەداتا داهاتی سلێمانی ئاشكرادەكات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرێوەبەرایەتی گشتی بانکی هەرێم لقی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" ماوەیەكە ھەڵمەتێكی چەواشەكارانە ھەیە لەدژی سلێمانی و بەتایبەت پرسی داھاتی ناوخۆی سلێمانی كەروونە ئەو ھەڵمەتە لەدەرھاویشتەی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە و زانیاری نادروست بڵاودەكەنەوە بە مەبەستی چەواشەكردنی خەڵك".
دەقی روونکردنەوەکەی بەرێوەبەرایەتی گشتی بانکی هەرێم/سلێمانی:
روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكی ناوەندی ھەرێم/ سلێمانی بەپێویستمان زانی بۆ ھەموولایەكی روونبكەینەوە كە؛ ماوەیەكە ھەڵمەتێكی چەواشەكارانە ھەیە لەدژی سلێمانی و بەتایبەت پرسی داھاتی ناوخۆی سلێمانی كەروونە ئەو ھەڵمەتە لەدەرھاویشتەی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە و زانیاری نادروست بڵاودەكەنەوە بە مەبەستی چەواشەكردنی خەڵك.
بۆ رەتكردنەوەی ئەو قسەو قسەلۆكانە، ئێمە بڕیارماندا بە بەڵگە و ژمارە وەڵام بدەینەوە بۆ سەلماندی راستی قسەكانی ئێمەو درۆی ئەوان:
یەكەم: ھەموو مانگێك لەداھاتی ناوخۆی سلێمانی، ئەو بڕە پارەیە دابین كراوە كە وەزارەتی دارایی و ئابوری دیاری كردووە بۆ تەواو كردنی بودجەی مووچە. لەو خشەیەی كە بڵاو كراوەتەوە بەژمارە روونتر كراوەتەوە.
دووەم: تەنھا بۆ ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢١ لەداھاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی؛ یەك تڕلیۆن و ١٠٧ ملیۆن دینار دابین كراوە بۆ پێدانی مووچە.
سێیەم: بۆ مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠٢١ كە لەمانگی ١ی ٢٠٢٢ دابەش كراوە، لەداھاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی ٧٥ ملیار ٦٨١ ملیۆن دینار دابین كراوە.
چوارەم؛ جگە لەو پارانەی كە ئاماژەی پێدراوە، و ئەو بڕە پارەیەش كە لە داھاتی سلێمانییەوە دەچێتەوە بۆ ھەولێر، بەشەكەی تری داھاتی كۆكراوەی ناوخۆی سلێمانی، بۆ خەرجییەكانی دامودەزگا حكومییەكان تەرخاندەكرێتەوە وخەرج دەكرێتەوە.
پێنجەم: ھەموو ئەو پارانەی كەدێنە بانكەكانی سلێمانی، بەڕێكاری یاسایی و ئیداری خۆیان جوڵەیان پێدەكرێت، لەدەرەوەی یاسا ھیچ شتێك نەكراوە و ناكرێت. شەشەم: ئەو بەڕێزانەی كە قسەی ناڕاست دەكەن لەسەر بانكەكانی سلێمانی، با بفەرموون یەك بەڵگە بخەنەروو، ئێمە دڵنییاین كە ھیچیان پێ نییە و ناتوانن قسەكانیان بسەلمێنن. حەوتەم: رەتی دەكەینەوە كەھیچ بڕە پارەیەك دیار نەمابێت یاخود پارەی مووچە درابێت بە شتی تر.
لەگەڵ رێزدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكی ناوەندی ھەرێم/ سلێمانی
