مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لەودای ئەوەی دوێنێ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە 12 موشەك كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر كرایە ئامانج، ئەمرۆ مستەفا كازمی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی وەفدێك کە پێکهاتوون لە جومعە عناد، وەزیری بەرگری و عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق، گەیشتنە شاری و هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر پێشوازیان لێکرا. مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەیەکی گرنگیان دەبێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی کۆبووەوە، پاشان سەردانی ئەو شوێنانەیان لە شاری هەولێرکرد کە مووشەکباران کرابوون.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت پێشوازی لێکرا.
مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەیەکی گرنگیان دەبێت و تێیدا پەیامی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بگەیێندرێت بە خودی مستەفا کازمی و چاوەڕوانیش دەکرێت هەردوولا پەیامی هاوبەشیان هەبێت.
بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاوەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ووەفدی یاوەری بکات بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەوێشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بگەڕێنەوە بەغدا.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، سەرۆک بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کرد، بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، هەردوولا رێککەوتن لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی بوونی بنکە و بارەگای ئیسرائیل لە هەولێر بکرێت.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە رۆژی یەکشەممە 13ی ئاداری 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەید موقتەدا سەدر کرد: "لەو پەیوەندییەدا بیروڕا لەبارەی پەلاماری مووشەکیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر ئاڵوگۆڕ کرا و، هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لیژنەیەکی لێکۆلینەوە بۆ دەرخستنی راستییەکان پێکبهێندرێت لەسەر ئەو ئیدعایەی کە گوایە بارەگای ئیسرائیلی لە هەولێر هەن و کراوەتە بیانوو بۆ پەلاماردانی هەولێر".
