دوو گروپی حەشدی شەعبی پاڵپشتی هێرشە مووشەکییەکەی شاری هەولێر دەکەن

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دوو گروپی ناو حەشدی شەعبین و پاڵپشتی خۆیان بۆ هێرشە موشەكیەكەی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر دەربری و بە "پیرۆزیی" ناویدەبەن.
بەپێی هەواڵێکی میدیا عیراقییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ئەکرەم کەعبی، کە گرووپەکەی لە ناو حەشدی شەعبیدا بە لیوای 12ی حەشد ناسراوە، لە تیلیگرامی تایبەتی خۆیان لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر هەولێر رایگەیاندووە، "ئەو بۆردوومانە پیرۆزەی کە لە ئێرانی پیرۆزەوە ئەنجامدرا و کرایەسەر چەند بارەگایەکی مۆساد و زایۆنستەکان، کە خاکی پیرۆزی عێراقیان پیس کردووە رەوایە."
هەروەها دەشڵێت، "ئەوانەی ئەو زایۆنستە داگیرکەرانەیان لە خاکی عێراق ئامێز گرتووە و هەوڵەکانیان بۆ جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر چاودێری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆلاوازکردنی عێراقە، لەگەڵ پارچەپارچەکردنی سەروەریی و یەکێتی خاکەکەی".
هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی، "داڵدەدانی گرووپەکانی مۆسادی زایۆنستی دژبەری عێراق و ئێران و گەلانی ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان، ماف دەداتە هەر لایەنێک بیانکاتە ئامانج و کۆتایی بە بوونی ناڕەوایان لەوێ بهێنێت."
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا، ئەمریکا لە ساڵی 2008ەوە سزای بەسەردا سەپاندووە و لە مانگی سێی ساڵی 2019ەوە گرووپەکەی بە گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە.
ئەم پاڵپشتییەی ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا بۆ هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، دوای چەند کاتژمێرێک هات لە پاڵپشتی گرووپی حیزبوڵڵای عێراق، کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، بۆ ئەو هێرشە.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمرۆ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری كرد و ئیدانەی هێرشەكەی كرد.
