بافڵ تاڵەبانی: هەنگاوەکانی زاڵبوون بەسەر کێشەکانمان تاوتوێكرد

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی هەنگاوەکانی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان تاوتوێ کران و جەخت لە زمانی دیالۆگ و تێگەیشتنی هاوبەش کرایەوە".
نوسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی:" وەفدی باڵای یەکێتی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە پێکھاتبوون لە نووری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق و چەند سەرکردەیەک لە ھاوپەیمانیی فەتح کۆبوونەوە".
بەپێی راگەیێندراوەکەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کراوە "هەنگاوەکانی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان تاوتوێ کران و جەخت لە زمانی دیالۆگ و تێگەیشتنی هاوبەش کرایەوە".
بافڵ تاڵەبانی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بدۆزرێتەوە. هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار دروست بكرێت بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بێت.
