24 ناوەند و رێکخراو لەبارەی عەفرینەوە داوایەك دەدەنە نەتەوە یەكگرتووەكان
(7).jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
24 ناوەند و رێکخراوی یاسایی و مافناس، نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و رەوانەی عەفرینی بکات بۆ ئەوەی راستییەکان ببینن و بەڵگەنامەکان کۆبکەنەوە.
رێکخراوە کوردی و سوورییەکان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و رەوانەی عەفرینی بکات بۆ ئەوەی راستییەکان ببینن و بەڵگەنامەکان کۆبکەنەوە.
لە نامەکەیاندا ئەو رێکخراوانە، بەرپرسیارێتی یاساییان خستووەتە ئەستۆی تورکیا وەکو وڵاتێکی داگیرکار بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەکە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە تورکیا وەکو بەرپرسی ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون بناسێنرێت و دۆسیەکان رادەستی دادگای تاوانی نێودەڵەتی بکرێت و داوای لێبکرێت کۆتایی بە "داگیرکاری" بهێنێت.
رۆژی 14-03-2022 کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی سووریا راپۆرتی نیوەی دووەمی ساڵی 2021ی رادەستی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و بەشێکی تایبەتە بە پێشێلکارییەکان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە: "کاتێک وەرزی چنینەوەی زەیتوون لە عەفرین دەستیپێکرد، تووندوتیژی، دەستگیرکردنی خەڵک و دواتر ئازادکردنی لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە، نیشتەجێکردن، پێشێلکاری پەیوەندیدار بە زەوی و ماڵ و موڵک زیادیکردووە".
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، تەقینەوەی بۆمبی چێندراو بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کەس و زیانگەیاندن بە ماڵ و حاڵی خەڵکی و دەڵێت: "پڕ خوێناویترین رووداو رۆژی 11ی تشرینی یەکەمی 2021 لە عەفرین روویدا، کاتێک تەقینەوەیەک لە نزیک بازاڕێکی سەوزە روویدا و بەو هۆیەوە 7 کەس کوژران و زیاتر لە 20 کەسی دیکە برینداربوون".
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە عەفرین کراوە و تێیدا هاتووە: "ماڵ و موڵکی خەڵک، قوتابخانە، فرۆشگە و کارگەکان لە شاری عەفرین لە لایەن گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی سووریاوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیانی خاوەن موڵکەکان هەبووە کە هێشتا ئاوارەن. شێوازە جیاوازەکانی تاڵانکردن، دزیکردن، دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنی ماڵ و موڵکی خەڵک بەردەوام بووە، بەتایبەتی لە کاتی وەرزی چنینی زەیتووندا. سەرەڕای ئەوەش، جێگەی خۆشحاڵییە کە قەربووکردنەوەی ئەو ماڵ و موڵکەی دەستی بەسەردا گیراوە دەستیپێکراوە".
