" حەوت جار سەنگەرەكانی گەریلا بە چەكی كیمیایی بۆردوومان كراون"
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل، رایگەیاندووە كە حەوتجار سەنگەرەكانی گەریلا لەلایەن سوپای توركیاوە بە چەكی كیمیایی بۆردومان كراوە.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئاماری شەڕی هەفتەی ڕابردووی دژی هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بڵاوكردەوە.
دەقی راگەیەندراوی هەپەگە:
دەوڵەتی توركی داگیركەر هەموو ڕۆژێك بە فڕۆكەی جەنگیی و پێشكەوتووتریین تەكنەلۆژیا جوگرافیای كوردستان بۆردوومان دەكات، بەڵام ناتوانێت ئامانجەكانی بەدەستبهێنێت، جارێكی دیكەش بۆ داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان لە شەوی ١٧ی نیسانەوە هێرشێكی بەفراوانی داگیركاریی لە زاپ و ئاڤاشین دەستپێكرد، ئەمە هێرشێكی ئاسایی نییە، بەڵكو شەڕێكی گەورەیە لە ئاستی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتدا.
لە ١٧ تا ٢٤ی نیسان گەریلاكانی كوردستان ١٥٢ چالاكیی جیاجیایان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، كە ٥٨ چالاكییان شەڕ و گورزلێدان، ٢٩ چالاكیی بە چەكی قورس، ٢٩ چالاكیی تەقاندنەوە، ٢٣ چالاكیی قەناس بەدەست، سێ چالاكیی هەڵكووتانەسەر، حەوت چالاكیی ڕێكخراو و سێ چالاكیی كە بەنهێنیی چوونەتە ناو داگیركەران و گورزیان لێداون.
ئەوەندەی هێزەكانمان پشتڕاستیان كردووەتەوە، ٣٨٧ جار هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان كراون، هەروەها ٢٤٣ جار بە هێلیكۆپتەری جەنگیی و هاوەن تۆپباران و بۆردوومان ئەنجامدراوە.
حەوت جار سەنگەرەكانی هێزەكانمان بە چەكی كیمیایی بۆردوومان كراوە.
هەروەها ٢١٨ داگیركەر سزادراون و ٤٨ داگیركەریش برینداربوون، هاوكات چوار درۆن خراوەتە خوارەوە و گورز لە ١١ هێلیكۆپتەر و درۆنێكیش دراوە، سەنگەرێك خاپووركراوە و سیستمێكی كامێرای حەراریی تێكشكێندراوە.
هێرشە داگیركارییەكان سەرەتا لە ١٤ی نیسانەوە بە بۆردوومانی چڕ دەستیپێكرد، شەوی ١٧ی نیسان سەرباری بۆردوومانی فڕۆكەی جەنگیی، هەوڵیدا بە هێلیكۆپتەر هێز لە ناوچەكانی گەریلا دابنێت، هێزەكانمان لە هەموو شوێنەكان بەبێ سانسۆر وەڵامی پێویستیان دانەوە، ڕێگەیان نەدا داگیركەران داببەزن، شەویش بەهەمان شێوە هەوڵیاندا دابەزن، هێزەكانمان بەردەوامبوون لە بەرپەرچدانەوەیان و گورزیان لە ١١ هێلیكۆپتەر دا.
سوپای توركی داگیركەر كە نەیتوانی سەربازەكانی لە ئاسمانەوە داببەزێنیت، ئەمجارە هەوڵدەدات لە زەمینەوە بێت، بەڵام گەریلاكان بە بەرپەرچدانەوەیان ڕێگەیان نەدا سوپای تورك بە ئامانجەكانی بگات.
سوپای توركی داگیركەر لە چوارەم ڕۆژی هێرشەكانییەوە چەكی كیمایی بەكاردەهێنێت لە ناوچەكانی كوڕەژارۆ، وەرخەلێ، شەهید شاهین، كونیشكا و گردی ناوەڕاست.
دەوڵەتی تورك لە باشووری كوردستانەوە و لە هێڵی بامەڕنێ، ئامێدی و دێرەلوكەوە هێرشی كردە سەر زاپ، پەدەكە بەئاشكرا ڕێگەی دا لە پشتەوە خەنجەر لە سەنگەرەكانی گەریلا بدرێت، هێزەكانی پەدەكە لە پشتی كوڕەژارۆ جێگیربوون و هەوڵیاندا ناوچەكانی گەریلا داگیربكەن، ماوەی هەفتەیەكە هێزەكانی پەدەكە هەتا ئێستاش دەستیان لەو هەڵوێستە هەڵنەگرتووە.