قه‌ره‌یلان: له‌ماوه‌ى 15 رۆژدا ئه‌ردۆغان و باغچه‌لى 300 کوژراویان هه‌بووه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
موراد قه‌ره‌یلان، فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل(نه‌به‌گه‌) زانیارى نه‌بیستراو له‌باره‌ى شکستى سوپاى تورکیا ده‌خاته‌روو ده‌شڵێت:" هه‌موو گه‌ریلایه‌ک وه‌ک شێر له‌ دژى دوژمن ده‌جه‌نگن".

موراد قه‌ره‌یلان، فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل(نه‌به‌گه‌) له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ رادیۆى ده‌نگى وڵات زانیارى نه‌بیستراو له‌باره‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ى سوپاکه‌ى ئه‌ردۆغان ئاشکرا ده‌کات و ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌دوژمن تا ئێستا نه‌یتوانیووه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بکه‌وێته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌کان، به‌پێى ئه‌و ژماره‌یه‌ى که‌ هه‌ڤاڵانمان ئاشکرایان کردوه‌ و به‌و ئه‌ندازه‌ى که‌ ئێمه‌ چاودێریمان کردوه‌، نزیکه‌ى ٣٠٠ کوژراویانداوه‌. ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌ردۆغان و باخچه‌لى مردنى به‌سه‌دان و به‌هه‌زاران سه‌ربازیان له‌پێش چاویان داناوه‌".

 هاوکات ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو که‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ربازانیان دابه‌زێنن، به‌ڵام ناتوانن و هه‌لیکۆپته‌ره‌کانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. پاش کاتژمێرێک، دوو کاتژمێر هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌رباز دابه‌زێنن، گه‌ریلا ده‌ستیان لێده‌که‌نه‌وه‌ و ناتوانن سه‌رباز دانێن. "ئه‌و سه‌ربازانه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بنکه‌کانى خۆشیان له‌و نێوه‌دا ده‌مێننه‌وه‌. واتا به‌سه‌ربازه‌کان ده‌ڵێن، یا مردن یا ئه‌وه‌تا خۆتان به‌جێ بکه‌ن. گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نییه‌."

 قه‌ره‌یلان شه‌ڕى زاپ و ئاڤاشینى به‌ شه‌ڕێکى نه‌ته‌وه‌یى وه‌سفکرد، که‌ ئاینده‌ى گه‌لى ناوچه‌که‌ دیارى ده‌کات. قه‌ره‌یلان وتیشی: "دوژمن ئێستا به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ هه‌ر چییه‌کى له‌ ده‌ست بێت ئه‌نجامى ده‌دات".

قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، گه‌ریلاکان له‌ زاپ و ئاڤاشین ماوه‌ى 15 ڕۆژه‌ به‌رخۆدانێکى شایسته‌ و هێژایان ئه‌نجام داوه‌ و وتی: "هیچ دۆزێک له‌ دۆزى ئازادیى گه‌لى کورد دۆزێکى مافدارتر نییه‌. هه‌ر گه‌ریلایه‌ک وه‌ک شێرێک به‌رامبه‌ر به‌ دوژمن ده‌وه‌ستێته‌وه‌. ئێمه‌ بڕوامان به‌ عه‌قڵ و ڕێگا و ڕێبازه‌کانى خۆمان هه‌یه‌. ئێمه‌ به‌ ڕوانگه‌ى شه‌ڕى گه‌لى شۆڕشگێڕى بڕوامان هه‌یه‌ و پێى پشت قایمین. به‌و بڕوا و بڕیاره‌وه‌ له‌ دژى دوژمن ده‌جه‌نگین. دوژمنیش ده‌یه‌وێت به‌ رێگا و شێوازى نائه‌خلاقانه‌ ئه‌نجام به‌ده‌ست بهێنێت، بۆیه‌ سه‌رکه‌وتن بۆ  دوژمن نابێت، به‌ڵکو بۆ ئێمه‌ ده‌بێت، سه‌رکه‌وتن بۆ گه‌ریلاکانى ئازادیى کوردستان ده‌بێت"

قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ ده‌سه‌ڵاتى ئاکه‌په‌ - مه‌هه‌په‌ ده‌سه‌ڵاتێکى ئاسایى نییه‌. ئه‌م حکومه‌ته‌ بۆ تێکشکاندنى تێکۆشانى ئازادیى کوردستان و له‌ناوبردنى ده‌ستکه‌وته‌کانى گه‌لى کورد دامه‌زراوه‌. " ساڵى رابردوو ویستى به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر گاره‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام به‌ به‌رخۆدانى گه‌ریلا شکستیان هێنا، ئێستا به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر هه‌رێمه‌کانى پاراستنى مه‌دیا ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئامانجه‌ به‌ده‌ست بهێنن، که‌ ساڵى ڕابردوو نه‌یانتوانى به‌ ده‌ستى بهێنن. ئه‌وان ته‌نها ئه‌مساڵیان به‌ ده‌سته‌وه‌ ماوه‌، ئه‌مه‌ کۆتا ساڵه‌ بۆ ئه‌م حکومه‌ته‌. ئه‌گه‌ر له‌و هێرشانه‌ى دژ به‌ ئێمه‌ سه‌ربکه‌ون، ئه‌وا له‌ دژى گه‌لى کورد سه‌رده‌که‌ون، ده‌سه‌ڵاتى خۆیان هه‌میشه‌یى ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شکستیان هێنا ئه‌وه‌ له‌ناو ده‌چن. بۆیه‌ ئه‌م دۆخه‌ بۆ ئه‌وان دۆخى مان و نه‌مانه‌".

موراد قه‌ره‌یلان ده‌شڵێت:" ئه‌مه‌ شه‌ڕى مان و نه‌مانه‌، شه‌ڕى زاپ شه‌ڕێکى نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ ئاڤاشین، ئه‌و شه‌ڕه‌یه‌، که‌ ئاینده‌ى گه‌له‌که‌مان و گه‌لى ناوچه‌که‌ دیارى ده‌کات. ئه‌گه‌ر دوژمن له‌ دژى ئێمه‌ سه‌ربکه‌وێت سیاسه‌تى فاشیزم و جینۆساید له‌ کوردستان زاڵ ده‌بێت و پرۆسه‌یه‌کى تاریک باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا ده‌کێشێت".

قه‌ره‌یلان پێیوابوو که‌" له‌هه‌مووشى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێڵى خیانه‌تى له‌نێو کوردان باشتر ئاکتیڤ کردووه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌لاى باشووره‌وه‌ په‌لامارى گه‌ریلا بدات له‌گه‌ڵ په‌ده‌که‌ هه‌ندێ چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجامداوه‌ و هه‌ندێ به‌ڵێنى ژێربه‌ژێریان به‌ په‌ده‌که‌ داوه‌، په‌ده‌که‌ش بۆ دۆژمن ئاماده‌کارى کرد. پیلانى دۆژمن ئه‌وه‌ بوو که‌ گه‌ریلا له‌زاپ گه‌مارو بدات و به‌مشێوه‌یه‌ش سه‌ربکه‌وێت".
فه‌رمانده‌ى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل(نه‌به‌گه‌) ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو که‌ هێڵى خیانه‌تى کورد به‌ته‌نیا له‌باشور نا، به‌ڵکو ویستیان له‌باکوریش ئه‌م هێڵه‌ چالاک بکه‌ن و به‌شدارى ئۆپه‌راسیۆنیان پێ بکه‌ن. "جاشه‌کانیان له‌کوردستان کۆکرده‌وه‌ و هه‌موویان به‌شدارى ئۆپه‌راسیۆن ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌تانه‌ى پاش ماوه‌ى داعش به‌تایبه‌تى ئه‌و چه‌تانه‌ى به‌ره‌چه‌ڵه‌ک تۆرکمانن به‌شدارى پێ ده‌که‌ن. به‌رێگه‌ى ته‌کنه‌لۆجیاى هه‌ره‌ پێشکه‌وتوو، به‌هاوکارى کوردى نۆکه‌ر، به‌تایبه‌تیش به‌به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایى ده‌یانه‌وێت ئه‌نجام به‌ده‌ست بهێنن".

موراد قه‌ره‌یلان باس له‌ورده‌کارى ئۆپه‌راسیۆنى"جنگى قوفڵ" و هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ هێرشى دۆژمن له‌ ١٧ى نیساندا ده‌ستى پێ کردوه‌، به‌ڵام له‌بنه‌مادا هێرش له‌ ١٤ى نیسانه‌وه‌ ده‌ستى پێ کردوه‌." له‌ ١٤ى نیساندا به‌رێگه‌ى فرۆکه‌، ئۆبۆس و هاوه‌ن ده‌ستیان به‌هێرش کرد. پاشانیش سه‌رله‌ئێواره‌ى ١٧ى نیسان له‌کاتژمێر ٨:٣٠ ویستیان به‌رێگه‌ى هه‌لیکۆپته‌ر سه‌ربازه‌کانیان له‌زاپ و زۆر شوێنى تر دابه‌زێنن. ویستیان له‌ ٩ بۆ ١٠ شوێن له‌یه‌ک کاتدا سه‌ربازانیان دابه‌زێنن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ر له‌گه‌ریلا بشێوێنن. به‌م تاکتیکه‌ و به‌م ره‌وشه‌ ویستیان هه‌رێمه‌که‌ داگیر بکه‌ن.".

هه‌روه‌ها وتیشى:" واتا پلانیان کرد له‌ماوه‌ى رۆژێکدا له‌و هه‌رێمانه‌ به‌جێ ببن. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر به‌وان گه‌ریلاى فیدایى کوردستان راوه‌ستابوون. له‌زاپ و ئاڤاشین گه‌ریلا به‌فیداکارى و به‌ئاگایى له‌دۆژمن هاتنه‌ ده‌ست و ئه‌م ده‌ستوه‌شاندنه‌ى گه‌ریلاش جێگاى پێزانینه‌. هه‌ڤاڵان قاره‌مانیه‌تیه‌کى مه‌زنیان نواند. هه‌ڤاڵان له‌و ٥-٦  رۆژه‌دا له‌هه‌ر هه‌رێمێک که‌ دۆژمن ویستى سه‌رباز دابه‌زێنن له‌دۆژمنیان خست، پێش به‌دۆژمنیان گرت و سینه‌ به‌سینه‌ له‌گه‌ڵ دۆژمندا شه‌ڕیان کرد. ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵان له‌کات و شوێنى خویدا ده‌ستێوه‌ردانیان نه‌کردبا ئه‌وا دۆژمن ده‌یتوانى خوى بگه‌ێنیته‌ هه‌ندێ شوێنى ستراتیژى و سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ست بهێنایه‌. به‌ڵام هۆشیارى هه‌ڤاڵان و وڵامدانه‌وه‌ى فیدایانه‌ و قاره‌مانانه‌ و زیره‌کى رێگه‌ له‌پلانى دۆژمنان گرت و پلانه‌که‌یان پۆچه‌ڵ کردنه‌وه‌".

قه‌ره‌یلان ده‌شڵێت:"دوژمن نه‌یتوانى سه‌ربازانى خۆى له‌زۆر شوێندا دابه‌زێنێت. راسته‌ له‌هه‌ندێ شوێندا سه‌ربازیان دابه‌زاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ش دواى پێنج، شه‌ش رۆژ له‌هێرش و پێکدادانى قورس پێکهاتووه‌ و ئێستاکه‌ش له‌وێدا چه‌قیووه‌. وه‌کو نموونه‌، ئه‌و سه‌ربازانه‌ى له‌کۆره‌ژارۆ دابه‌زیووه‌ن، ئێستا زۆر ته‌نگاوبوونه‌ و زۆر زه‌حمه‌تى ده‌کێشن. دوژمن ویستى له‌پێده‌شتى شێڵادزێه‌وه‌ سه‌ربازانى له‌وێدا رزگار بکات. کۆژراوێکى زۆریانداوه‌. شه‌ڕێکى مه‌زن به‌رێوه‌ ده‌چێت. دۆژمن به‌فرۆکه‌، هه‌لیکۆپته‌ر و ئۆبۆس و به‌به‌کارهێنانى هه‌موو چه‌کێک له‌ئاسمان و زه‌وییه‌وه‌ هێرشى کرد. له‌لاى باکوریشه‌وه‌ به‌رێگه‌ى زه‌مینى هێرشیان کرد. به‌مشێوه‌یه‌ ویستیان هه‌ڤاڵان چاوترسن بکه‌ن و له‌و قه‌ره‌باڵغیه‌دا ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنن. به‌ڵام هه‌ڤاڵانمان به‌قاره‌مانیه‌تى و ئێراده‌یه‌کى مه‌زنه‌وه‌ به‌زیره‌کى وه‌ڵامى هێرشه‌کانیان دایه‌وه‌ و دۆژمنیان تێکۆپێکدا".

هاوکات ئه‌وه‌شى باسکرد که‌ له‌م شه‌ڕه‌دا که‌ نزیکه‌ى پانزده‌ رۆژه‌ به‌رده‌وامه‌، گه‌ریلاکانى ئازادى کوردستان سه‌رکه‌وتنى مه‌زنیان قازانج کردوه‌." به‌م بۆنه‌وه‌ و له‌رێگه‌ى ئێوه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ فیدایانه‌ له‌زاپ و ئاڤاشین به‌دڵ و گیان سڵاو ده‌که‌م. به‌بۆنه‌ى ئه‌و به‌رخۆدانیه‌ى ده‌ینوێنن، پیرۆزبایى له‌هه‌مووتان ده‌که‌م. گه‌له‌که‌شمان ده‌بێت پیرۆزبایى له‌و قاره‌مانانه‌ بکه‌ن. چونکه‌ رێگه‌یان له‌پێش مه‌ترسى گه‌وره‌ گرتووه‌ و رێگه‌یان به‌دۆژمن نه‌داوه‌، ئه‌نجام به‌ده‌ست بهێنن".

فه‌رمانده‌که‌ى نه‌به‌گه‌ ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئه‌ردۆغان و باغچه‌لى کوژراوێکى زۆریانداوه‌. "به‌پێى ئه‌و ژماره‌یه‌ى که‌ هه‌ڤاڵانمان ئاشکرایان کردوه‌ و به‌و ئه‌ندازه‌ى که‌ ئێمه‌ چاودێریمان کردوه‌، نزیکه‌ى ٣٠٠ کوژراویانداوه‌. ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌ردۆغان و باخچه‌لى مردنى به‌سه‌دان و به‌هه‌زاران سه‌ربازیان له‌پێش چاویان داناوه‌. وه‌کو نموونه‌، ده‌یانه‌وێت سه‌ربازانیان دابه‌زێنن، به‌ڵام ناتوانن و هه‌لیکۆپته‌ره‌کانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. پاش کاتژمێرێک، دوو کاتژمێر هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌رباز دابه‌زێنن، هه‌ڤاڵان ده‌ستیان لێده‌که‌نه‌وه‌ و ناتوانن سه‌رباز دانن. ئه‌و سه‌ربازانه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بنکه‌کانى خۆشیان له‌و نێوه‌دا ده‌مێننه‌وه‌. واتا به‌سه‌ربازه‌کان ده‌ڵێن، یا مردن یا ئه‌وه‌تا خۆتان به‌جێ بکه‌ن. گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نییه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار