گەریلای ژن؛ كوڕەژارۆ دەكاتە دۆزەخی سوپاکەی ئەردۆغان

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێكی فەرماندەیی هەڵۆكانی زاگرۆس ڕایگەیاند، تیمێكی گەریلای ژن چەندین ڕۆژە بەبێ وەستان كوڕەژارۆیان كردووەتە دۆزەخ بۆ سوپاکەی ئەردۆغان.
گوڵان ئاڤاشین، ئەندامی فەرماندەیی هەنگاوی شۆڕشگێڕیی هەڵۆكانی زاگرۆس لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز، باس لە بەرخۆدان و چالاكیی گەریلاكانی یەژاستار دەكات لە چیای كوڕەژارۆ.
ئاڤاشین رایگەیاند" كە تیمێكی گەریلای ژن چەندین ڕۆژ لە كوڕەژارۆ چالاكیی دژی داگیركەران ئەنجامدەدەن و ڕێگە نادات هەناسە هەڵمژن، لە هەندێك دەڤەر دەوڵەتی تورك ڕۆژانە ناتوانێت تەرمەكانیشی بگوازێتەوە، لە گۆڕەپانی كەڤرێ كونێ لە ئەشكەوتی برینداران چەندین ڕۆژ تەرمی دەیان سەربازی تورك لە گۆڕەپانەكە بوون، تەرمەكان لەبەردەم سەربازانی تورك و جاشەكان دەڕزان، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دەوڵەتی تورك لە چ دۆخێكدایە.
هەروەها دەشڵێت:"ڕێگە نادەین دوژمن سەری بخورێنێت، هەرچەندە دوژمن پشت بە تەكنیك دەبەستێت، گەریلاش بە پراكتیكی خۆی، بە چالاكی و هەڵوێستی خۆی تەكنیكی تێكشكاندووە".
هاوکات، جەختی لەوەشکردەوە کە" دوژمن دەیەوێت لە گۆڕەپانی كوڕەژارۆ جێگیر ببێت، سەربازانی تورك لەبەر ئەوەی نەیانتوانی بە هێلیكۆپتەری سكۆرسكی لە ناوچەكە دابەزن، ئەم جارە بە چاوساغیی ئەو هێزانەی كە هاوكارییان دەكەن، كە بە خۆیان دەڵێن ئێمە كوردین بە هیچ مافێكیان بە كوردبونەوە نییە، لە شێلادزێ بەرەو كوڕەژارۆ دێن و لەدژی ڕۆڵەكانی گەلی كورد شەڕ دەكەن، لەوێ هەڤاڵانمان هەموو ساتێك لە شەڕدان".
گوڵان ئاڤاشین ئاماژە بە ڕۆڵی گەریلا ژنەكان دەكات لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك و دەڵێت:" هەڤاڵانی ژن لە كوڕەژارۆ دۆزەخیان بۆ دەوڵەتی تورك دروست كرد، لە گۆڕەپانی شەهید شەمدین، وایان لە دوژمن كرد كە ناتوانێت مەترێكیش پێشڕەوی بكەن بە چەكی بی كەی سی و قەناس و تەقەمەنییان تەقاندەوە و چالاكیی هەلكووتانەسەریان ئەنجامدا".
